پزیشکێکی منداڵان: ئیفلیجی و ئۆتیزم لەنێو منداڵان زیادی کردووە و بەشێکی بەهۆی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوەیە

25-09-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو-دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی سلێمانی دەڵێت، نەخۆشییەکانی وەک ئیفلیجی مێشک، ئۆتیزم و مەنگۆلی لەنێو منداڵاندا زیادی کردووە. دەشڵێت، بەشێک لە هۆکاری زیادبوونی ئەو نەخۆشییانەش بۆ بەکارهێنانی مۆبایل، ئایپاد، کەمخەوی و گۆشەگیرییان دەگەڕێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2022، د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان لە سلێمانی، سەبارەت بە زیادبوونی تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشییەکانی ئیفلیجی مێشک، ئۆتیزم، هاوشێوەی ئۆتیزم و مەنگۆلی بە رووداوی گوت: "تاڕادەیەک تووشبوون بەو نەخۆشییانە لەنێو منداڵاندا زیادیکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە پزیشکانی دەروونی و چارەسەری سرووشتی، زێدەڕۆیی لە دیاریکردنی نەخۆشییەکان دەکەن، ئیدی ئەوە بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست، بۆ ئەوەی نەخۆش زۆر سەردانیان بکەن."
 
بە گوتەی ئەو پزیشکە، بەشێک لە منداڵانی تووشبوو بەو نەخۆشییانە هۆکارەکەی "بۆماوەیین"، بەڵام دەشڵێت: "بەکارهێنانی زۆری مۆبایل و ئایپاد، کەمخەویی و گۆشەگیریی تووشبوون بەو نەخۆشییانەی لەنێو منداڵان زیاد کردووە.
 
ئەو پزیشکە دایکان و باوکان لە پشتگوێخستنی منداڵان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: "قسەنەکردن لەگەڵ منداڵان و گۆشەگیرییان هۆکارە بۆ ئەو نەخۆشییانە بەتایبەت ئێستا زۆر لە دایکان و باوکان لە دەوامن و کەمتر قسە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن."
 
د. پشدەر باس لە زیادبوونی رێژەی منداڵبوون پێش وادەی خۆی (نەبەکام) دەکات و دەڵێت: "جاران منداڵی نەبەکاممان هەبوون نەدەژیان، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی چاودێری و چارەسەریی باشمان هەیە، زۆربەیان دەژین، بەڵام لێکەوتە و کاریگەری لەسەریان دەبێت، بەشێک لەوانە تووشی ئیفلیجی دەبن."
 
ئەو پزیشکە هۆشداریی دەدات لە درەنگخستنەوەی منداڵ و ماوەی زۆری نێوان منداڵەکان و دەڵێت: "کاتی خۆی ئافرەتی ئێمە لە ماوەی شەش حەوت ساڵ چەند منداڵێکی دەبوو و دواتر دادەنیشت، بەڵام ئێستا ئەوانەی هاوسەرگیریی دەکەن سەرەتا خۆیان چەند ساڵێک منداڵیان ناوێت، کە منداڵێکیان دەبێت و پاشان چەند ساڵێکی دیکە منداڵیان دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەریی دەبێت، بەتایبەت دەزانین کە نەخۆشیی مەنگۆلی لەنێو منداڵی ئەو ئافرەتانەی لە پێش تەمەنی 20 ساڵی و دوای 35 ساڵی منداڵیان دەبێت، ئەگەری زیاتری هەیە."
 
سەبارەت بە چارەسەریی ئەو نەخۆشییانە و بەتایبەت ئیفلیجی منداڵان، پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی منداڵان روونیکردەوە "لە ئیفلیجی منداڵدا ئیفلیجی هێواش، مامناوەند و تووندمان هەیە، چارەسەریی ئیفلیجی فرەیە و بە تیمە، ئیفلیجی منداڵان کە راوەستانی گەشەی مێشکە، لە یەکێک لە قۆناخەکانی گەشەسەندنی مێشک، پێویستی بە راهێنانی سرووشتییە، پێویستی بە چارەسەریی چاو، قوڕگ، گوێ، مێشک و دەمار هەیە، پێویستی بە چەندین پزیشک هەیە، بۆیە دەکرێت چارەسەری هەبێت، زۆرینەی چارەسەرییەکانی ئیفلیجی منداڵان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام چارەسەرییەکە فرەیە و بە تیم دەکرێت و بە یەک لایەن چارەسەرییەکەی ناکرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە