رووداو - تەندروستی
حکومەتی مەلاوی رێکارێکی نوێ بۆ پێشگیری لە نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' جێبەجێدەکات و تەندروستیی وڵاتەکەش رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە هیچ تووشبوویەکی نەخۆشییەکە لە وڵاتەکە تۆمارنەکرێت.
دوای ئەوەی دوو گومانلێکراوی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکە تۆمارکران کە ئێستا لە ژێر چاودێریدان، رێکارەکە لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی وڵاتەکە تووندتربوون، بەجۆرێک هەر سەردانکەرێکی وڵاتەکە دەبێت پشکنینی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی بۆ بکرێت.
وەزارەتی تەندروستیی مەلاوی ئاشکرای دەکات، یەکەی دەستنیشانکردنی گەڕۆکیان لە چەند شوێنێک داناوە بۆ ئەوەی هەر گومانلێکراو و تووشبوویەک هەبوو، دەستبەجێ کۆنتڕۆڵی بکەن و بیخەنە ژێر چاودێرییەوە.
کارۆڵ لوکا، کارمەندێکی تەندروستیی وڵاتەکەیە و دەڵێت: ''ئێستا پشکنینەکانی دەروازەکان هێڵی یەکەمی پێشگیری و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی mpoxـن کە ناسراوە بە ئاوڵەی مەیموون''.
ئادریان چیکومبێ، گوتەبێژی تەندروستیی مەلاوی لەم بارەیەوە دەڵێت: ''ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون هەیە، بەڵام وەکو ڤاکسینی کۆڤید-19 نادرێت بە هەموو کەسێک، چونکە تەنیا گرووپە مەترسیدارەکان ڤاکسینەکە وەردەگرن''.
هاوکات ڤاکسین تاکە رێگەی پێشگیریکردنە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکە و بە گوتەی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی فریاگوزاریی WHO، نیو ملیۆن قورچکی ڤاکسینەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ؛ ژمارەی ڤاکسینەکان بگەیێندرێتە 2.4 ملیۆن قورچک.
نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاوازدەبێت و نامێنێت.
رێگەکانی گواستنەوەی ''ئاوڵەی مەیموون''
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانە و لێکەوتەکانی ''ئاوڵەی مەیموون''
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک
- ژەهراویبوونی خوێن
رێگەکانی پێشگیریکردن لە ''ئاوڵەی مەیموون''
- وەرگرتنی ڤاکسین
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- ئەنجامدانی سێکسی تەندروست
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ