خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی: ئاوی پیس هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرایە لە شارەکە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئاوی پیس هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە کۆلێرا و ئاماژە بە پیسبوونی ئاوی چەند گەڕەکێکیش دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی ئابی 2024 د. رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد، چەند پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش کۆلێرایان تێدا تۆمارکراون و تائێستاش لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بە نەخۆشییەکە گیانی لەدەستنەداوە.
 
د. رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: ''تائێستا هیچ کەسێک بە کۆلێرا گیانی لەدەستنەداوە و ئەوانەشی کە تووشی نەخۆشییەکە بووبوون، چاکبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراون''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت: هەندێک لە شەمعەکانی ئاو نایاسایین و ئاوەکانیان شیاوی خواردنەوە نییە، بەتایبەت لە دەوروبەری 'تانجەڕۆ، چەقش، قلیاسان، چەقچەق و سەرچنار'.
 
ئاماژە بەوەشدەکات، تیمێکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆلێرا کە لە 200 ئەندام پێکدێت کار لەسەر پێشگیریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە دەکەن.
 
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی چەند داوایەک و هۆشدارییەکی راگەیاند بەم شێوەیە؛
 
1- پێویستە تەنیا ئاو لە شەمعە یاسایی و رێگەپێدراوەکانەوە بهێندرێت، چونکە بەهۆی کەمئاوییەوە پەنا دەبرێتە بەر تانکەری ئاو کە هەندێکیان لە شەمعە نایاساییەکان ئاو دەهێنن کە ئاوەکانیان شیاوی خواردنەوە نییە و لە چەم و گۆماوەکانەوە سەرچاوەدەگرێت.
 
2- خواردنی سەوزەکان قەدەخەبکرێت، چونکە زۆرێکیان بە ئاوی قورس ئاودەدرێن.
 
3- دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی کاهوو، کەلەرم و کەوەر یاخود ئەگەریش بەکارهاتن ئەوا بە پەرمەنگەنات یان خوێیاو خاوێنبکرێنەوە.
 
4- هاونیشتمانییان لە تانکەری متمانەپێکراو و خاوێن ئاوی خواردنەوە بهێنن.
 
5- داوا لە مامۆستایانی ئایینی، مامۆستای قوتابخانەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەکەین کە رێنوێنییەکانی خۆپاراستن بڵاوبکەنەوە.
 
6- بە بەردەوامی چاودێریی ئاوی خواردنەوەی قوتابخانەکان بکرێت و بایەخ بە ئاوی بتڵەکان بدرێت.
 
7- ئەو ماڵانەی ئاوی بیریان هەیە، پێویستە هەمیشە پشکنین بۆ بیرەکەیان بکەن و مادەی پاکژکەرەوەی تێبکەن.