خانمانی دووگیان دەتوانن رۆژانە چەند کوپ چا و قاوە بخۆنەوە؟

25-08-2020
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن دووگیانی، کافایین ، قاوە
A+ A-

رووداو- دیجیتاڵ

پزیشکانی ئەمریکی و بەریتانی بڕی تەندروست و رێگەپێدراوی کافایین بۆ خانمانی دووگیان ئاشکرادەکەن.

ئەو لێدوانانەی پزیشکانی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە هەر یەکە لە ئەمریکا و رۆیاڵ کۆلێژی لەندەن دوای ئەوە دێن توێژینەوەیەک لە جۆرناڵی BMJ بڵاوکراوەتەوە، کە باس لەوەدەکات هیچ بڕێکی کافایین بۆ خانمانی دووگیان تەندروست نییە.

د. کریستۆفێر زاهن، جێگری بەڕێوەبەری چالاکییە دەرەکییەکان لە کۆلێژی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت، ئێمە رێنماییەکانی خۆمان ناگۆڕین، لە رێنماییەکانی ئێمەدا هاتووە خانمانی دووگیانی دەتوانن رۆژانە کەمتر لە 200 میلیگرام کافایین بخۆنەوە و کێشەیان نابێت.

پزیشکانی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە رۆیال کۆلێژی لەندەنیش هەمان قسەی پزیشکە ئەمریکییەکانیان بەوەی خواردنەوەی کافایین بە بڕێک کە کەمتربێت لە 200 ملگم هیچ گرفتێک بۆ خانمانی دووگیان دروست ناکات.

پزیشکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێن، خانمانی دووگیان دەبێت ئاگاداری ئەو بڕە کافایینە بن کە رۆژانە لەرێگەی خۆراک و خواردنەوە جیاوازەکان وەریدەگرن، بۆ نموونە خواردنەوەیەکی گازی 34 میلیگرام کافایینی تێدایە، بۆیە هەر شتێک کە دەیخۆن سەرەتا دەبێت سەیری راددەی کافایینەکە بکەن.

بەگوێرەی بەدواداچوون و ئەنجامی توێژینەوە پزیشکییەکان خانمانی دووگیان دەتوانن رۆژانە یەک بۆ دوو کوپ قاوە (240-580 میلی لیتر)، دوو بۆ چوار کوپ چا (540-960 میلی لیتر) بخۆنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە