پارێزگاری سلێمانی: بە کەرتی حکومی و تایبەتەوە تەنیا 25 تەختی چاودێریی چڕمان هەیە

رووداو - تەندروستی

پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای دەکات، چەند نەخۆشخانەیەک دروستکراون و کەلوپەلیان بۆ دابینکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارمەند و پزیشک نەکراونەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی تەممووزی 2024 د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، توانراوە زۆرێک لە پێداویستی و کەلوپەلی نەخۆشخانە نوێیەکان دابینبکەین، بەڵام سەرمایەی مرۆییمان نییە و کارمەندمان لەبەردەستدا نییە.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: ''ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر لە سلێمانی کەمی کردووە'' و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، منداڵەکانیان بە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر بکوتن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای دەکات، نەخۆشخانەیەکی 200 تەختیان بە هاوکاری رێکخراوە ئەڵمانییەکان دروستکردووە کە 50 تەختی چاودێریی چڕی تێدایە، هەروەها نەخۆشخانەیەکی دیکەیان بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان دروستکردووە کە 28 تەختی چاودێریی چڕی تێدایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارمەندن و ستافی پزیشکییەوە نەتواندراوە بکرێنەوە، بۆ ئەمەش داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات ئەو بۆشاییەیان بۆ پڕبکەنەوە.
 
لە بارەی نوێترین بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ قەدەخەکردنی کیسی نایلۆن، ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی گوتی، ''جەخت لە قەدەخەکردنی کیسی نایلۆن لە سەموونخانە و نانەواخانەکان دەکەینەوە، بەڵام پێویستە لەلایەن وەزارەتەوە کارئاسانیان بۆ بکرێت''.