چاکبوونەوەی سێ تووشبووی نەخۆشیی ئەیدز رادەگەیەندرێت

رووداو - تەندروستی

لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئەیدز لە ئەڵمانیا مەراسیمی چاکبوونەوەی سێ تووشبووی ئەیدز رادەگەیەندرێت و پسپۆڕان چارەسەرێکی دەگمەنییان بۆ بەکارهێناون.
 
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئەیدز لە میونشنی پایتەختی ئەڵمانیا بەردەوامە و سێ چاکبووی نەخۆشییەکەشی تێدا راگەیاندرا، هەر سێکیان دڵخۆشن کە لە نەخۆشییەکی کوشندە رزگاریان بووە.
 
ئادەم کاستیلیژۆی خەڵکی ڤێنزوێلایە، پاوڵ ئێدمۆند خەڵکی ئەمریکایە و مارک فرانکیش خەڵکی ئەڵمانیایە کە بە تەواوی چاکبوونەوەتە لە ئەیدز.
 
ئادەم کاستیلیژۆ، چاکبووەوەی ئەیدز دەڵێت: ''پڕۆسەکە چەند ساڵێکی ویست وەک لەوەی ئێمە قسەمان تێیدا کردبوو، هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە کە تۆ بڵێیت؛ چارەسەر بوویت، ماوەیەکی دەوێت و ئەوە بۆ خەڵک گرنگە ئەوە بزانن کە ئێمە لە خۆمانەوە ناڵێین، ئۆو چاک بووینەتەوە، بەڵکو ئەمە لە 18 بۆ 36 مانگ روویداوە''.
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا 30 ملیۆن و 700 هەزار تووشبووی ئەیدز چارەسەر وەردەگرن؛ مردنیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە 14 ساڵی رابردوودا نزیکەی 25٪ کەمی کردووە. هەروەها ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 300 هەزار تووشبووی ئەیدز تۆمارکراون کە 120 هەزاریان منداڵ بوون؛ زۆرترینیشیان لە باشوور و نێوەڕاستی ئەفریقان.
 
پاوڵ ئێدمۆند، چاکبووەوەی ئەیدز گوتی، ''پێموابێت هیواکە ئەوەیە باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئەگەری چاکبوونەوە هەیە، چونکە ئێمە بەڵگەی زیندووین و دەزانین کە ئەوە روودەدات، پسپۆڕان کار لەسەر پەرەپێدانی رێگەی جیاواز دەکەن، لەبەرئەوەی چاندنی خانە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو کەسێک نابێت''.
 
کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی ئەیدز ئاشکرای دەکات، لە 40 ملیۆن تووشبووی ئەیدز، ئێستا حەوتیان چاکبوونەتەوە، پسپۆڕانیش ئەوە بە دەگمەن دادەنێن، چونکە نەخۆشییەکە کوشندەیە و چاکبوونەوەی یەکجارەکی بۆ نەخۆشییەکە زەحمەتە.
 
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئەیدز دوو ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت و ئەمساڵ لە رۆژی 22 تاوەکو 26ـی تەممووز لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا بە بەشداریی نزیکەی 10 هەزار پزیشک، پسپۆڕانی بواری تەندروستی و چالاکوانان بەردەوامە.