پزیشکێکی دەم و ددان هەموو شتێک لەسەر ''هۆڵیوود سمایل'' ئاشکرادەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پزیشکێکی دروستکردن و جوانکارییەکانی دەم و ددان هاونیشتمانییان هۆشیاردەکاتەوە، مەرج نییە هۆڵیوود سمایل بۆ هەموو روخسار و کەسێک بگونجێت، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەیە کە پێشاندانی روخساری کەسەکە نەشێوێنێت و نامۆ نەبێت.
 
دکتۆر وان مەند دزەیی، ماستەر لە دروستکردن و جوانکاریی دەم و ددان بە رووداوی گوت: ئەوانەی جگەرە دەکێشن و خۆراکی رەق دەخۆن، هۆڵیوود سمایلەکەیان زیاتر بپارێزن، چونکە ئەوانە ئەگەری سەرنەکەوتنی هۆڵیوود سمایلەکە زیاددەکات.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا دکتۆر وان دزەیی دەڵێت: ''دوای ئەنجامدانی هۆڵیوود سمایل پێویستە رۆژانە دووجار دانەکان بشۆردرێن و بە پەتی ددان نێوان ددانەکان پاکبکرێنەوە، هەروەها زمانیش پاکبکرێتەوە، تەنانەت شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەم و ددان بکرێت بۆ چاودێریی ددانەکان''.
 
دەقی وەڵامەکانی دکتۆر وان مەند دزەیی، ماستەر لە دروستکردن و جوانکاریی دەم و ددان لەبارەی هۆڵیوود سمایل؛
 
رووداو: هۆڵیوود سمایل چییە؟
 
د. وان دزەیی: هۆڵیوود سمایل دیزاینکردنی خەندەیەکی جوانە تاوەکو کەسەکە لەکاتی پێکەنین و قسەکردن روخسارێکی جوانتری هەبێت کە پێویستە ددانەکان سپی، رێک و گونجاو بن لەگەڵ روخساری کەسەکە. جوانکارییەکە بە زۆر شێواز دەکرێت، هەندێک کەس ئەگەر ددانەکانی رێکبن، تەنیا پێویستی بە سپیکردنەوە ددان دەبێت، هەندێکیش پێویستی بە راستکردنەوە و سپیکردنەوەی ددان دەبێت یانیش تەنیا پێویستی بە ڤنییر دەبێت بۆ ددانەکان، بەڵام هەندێک کەس شکانی لە ددانەکان هەیە و پێویستی بە کیفی ددانە یاخود پێویستی بە چاندنی ددان و باشترکردنی پووکە کە دەبێت ئەمانە بکرێن و بە رێگەی ئەنجامدانی هۆڵیوود سمایل دادەنرێن.
 
رووداو: هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی هۆڵیوود سمایل چین؟
 
د. وان دزەیی: دەکرێت هۆکارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناشارەزایی پزیشکەکە یان ناڕێکیی چارەخواز و ئەو تاقیگەیەی کیف و ددانەکانی لێ دروستدەکرێت، هەر بۆیە پێویستە؛
 
- پزیشکێکی شارەزا هەڵببژێردرێت و رێگەیەک دەستنیشان بکرێت کە کاتی نەبێت و چەند ساڵێک جوانکارییەکە بەرگە بگرێت.
- ئەو مادانەی لە تاقیگەکان بەکاردێت بۆ دروستکردنی کیفی ددان یان ''ڤنییر'' کوالێتییان بەرز بێت.
- چارەخواز پێش ئەنجامدانی جوانکارییەکە، دەم و ددانی بە بەردەوامی شۆردبێت.
- چارەخواز سەردانی پزیشکەکەی بکاتەوە بۆ چاودێریکردنی هۆڵیوود سمایلەکەی.
- ئەوانەی جگەرە دەکێشن و خۆراکی رەق دەخۆن، هۆڵیوود سمایلەکەیان زیاتر بپارێزن، چونکە ئەوانە ئەگەری سەرنەکەوتنی هۆڵیوود سمایلەکە زیاددەکات.
 
رووداو: کێن ئەوانەی هۆڵیوود سمایلیان بۆ نابێت؟
 
د. وان دزەیی: دانانی هۆڵیوود سمایل بە چەند شێوەیەکی جیاواز دەکرێت و تایبەت نییە بە جۆرێک چارەسەر بۆ بەدەستهێنانی جوانکارییەکە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەم کەسانی خوارەوە نابێت راستەوخۆ بکرێت و پێویستە چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکرێت، ئینجا رێگەیەکی هۆڵیوود سمایلیان بۆ ئەنجامبدرێت وەکو؛
 
- تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
- ئەوانەی کێشەی پووکیان هەیە.
- ئەوانەی بایەخ بە پاکوخاوێنیی دەم و ددان نادەن و کلۆریی ددانیان هەیە.
- ئەوانەی دانە جیڕەیان هەیە؛ پێویستە هۆکارەکەی دەستنیشان بکرێت و چارەسەربکرێت.
- ئەوانەی ناتوانن دەمیان زۆر بکەنەوە.
- ئەوانەی درزی ددانیان هەیە.
- ئەوانەی ددانەکانیان داخوراون بەهۆی خواردنی خۆراکی ترش.
- ئەوانەی ددانەکانیان دەجووڵێت و کێشە شەویلگەیان هەیە.
 
رووداو: چۆن پارێزگاری لە هۆڵیوود سمایل بکرێت؟
 
د. وان دزەیی: پێویستە رۆژانە دووجار دانەکان بشۆردرێن و بە پەتی ددان، نێوان ددانەکان پاکبکرێنەوە، هەروەها زمانیش پاکبکرێتەوە، تەنانەت شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەم و ددان بکرێت بۆ چاودێریی ددانەکان، ئەگەر کەسێک 'ڤنییری' کردبێت، ئەوا باشترە کە ئەو شتانە کەمبکاتەوە کە رەنگ لەسەر ددانەکان بەجێدەهێڵن، وەکو 'چا، قاوە، ترشەمەنییەکان و شیرینییەکان'، بۆیە ئەگەریش خوران ئەوا راستەوخۆ ددان بشۆردرێت.
 
رووداو: هۆڵیوود سمایڵ بە چی زیانی پێدەگات؟
 
د. وان دزەیی: ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەشێت زیان بە ددانەکان بگەیەنن؛
 
- بەرکەوتنی شتی رەق
- گازگرتن لە نینۆک
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە کە وادەکات رەنگی ددان و پووکەکەش بگۆڕدرێن
- جیڕکردنەوەی ددان بەتایبەت لەکاتی خەوتن
 
رووداو: ئایا سەدا چەندی ئەوانەی کە هۆڵیوود سمایلیان بۆ کراوە، پەشیمانن لێی و هۆکار چییە کە لێی پەشیمانن؟
 
د. وان دزەیی: بەهۆی ئەو هەڵانەی لەکاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانی جوانکارییەکە دووچاری چارەخواز دەبێت کە بەشێکیان بەهۆی پێشبینیی هەڵەی چارەخوازەوەیە دەشێت کەسەکە لە هۆڵیوود سمایڵ پەشیمان ببێتەوە، بەڵام پێویستە ئەم پێشنیازانە رەچاوبکرێن؛
 
- گرنگە تێگەیشتنی تەواو لە نەخۆش هەبێت و بزاندرێت کە چی دەوێت، چونکە هەندێکیان دەیانەوێت هەمان هۆڵیوود سمایلی کەسێکیان بۆ بکرێت کە رەنگە لەگەڵی نەگونجێت.
- هەموو کارێک ئەگەری ئەوەی هەیە کە تێکبچێت یاخود ناڕێکییەکی تێبکەوێت، بۆیە ئەو کیفی ددانەش تەمەنی دیاریکراوی هەیە و دەشێت چارەخواز وەڕەس ببێت یاخود بێزار ببێت لە هەستیاریی ددانەکانی کە دوای جوانکارییەکە تووشی دەبێت.
- پێویستە پێش ئەنجامدانی هۆڵیوود سمایل بە وردی تەندروستیی پووک و ددانەکان هەڵبسەنگێندرێن و بەباشی پاکبکرێنەوە و دڵنیایی تەواو هەبێت لە نەبوونی کلۆری.
- هەندێکجار تێگەیشتنی نەخۆشەکە ئەوە قبووڵ ناکات کە ددانەکانی بەو شێوەیە رێک بن کە هیچ بەرزی و نزمییەکیان نەبێت و زۆر سپی بن.
- پێویستە پلانێکی تۆکمە پێش چارەسەرییەکە دابنرێت و دیزاین بۆ ددانەکان بکرێت و پێشانی نەخۆشەکە بدرێت، تاوەکو نەخۆشەکە بزانێت کە چی بۆ دەکرێت و بەرهەمە پێش دەستپێکردن چۆن دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە