توێژینەوەیەک: بەشێک لە دەرمانە قڕکەرەکان هۆکاری چەندین شێرپەنجەن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، خراپ بەکارهێنانی مادە قڕکەرەکان بۆ کشتوکاڵ کاریگەرییەکەی هاوتایە لەگەڵ جگەرە و نێرگەلەکێشان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
 
توێژینەوەیەکی زانکۆی رۆکی ڤێستا لە ئەمریکا دەریدەخات، هەندێک قڕکەرەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن، بەتایبەت شێرپەنجەی خوێن و لیمفەگرێیەکان.
 
د. ئیسیان زاپاتا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو جووتیارانەی ماوەیەکی زۆر لەنێو کێڵگەکانیان دەمێننەوە و ئەو قڕکەرانە بەکاردەهێنن، ئەگەر کەلوپەلی خۆپارێزی بەکارنەهێنن، ئەوا دوای ماوەیەک تووشی شێرپەنجە دەبن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، لەکاتی بەکارهێنانی ئەو قڕکەرانە، پێویستە جووتیار کەلوپەلی خۆپاراستن و بڕی دیاریکراو لە مادەکانیش بەکاربهێنێت، هەروەها دڵنیاببێتەوە لە کوالێتیی قڕکەرەکە.
 
بەشێکی زۆر لەو دەرمان و قڕکەرە کشتوکاڵییانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانن، قەدەخەکراون. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش دەڵێت "ئەگەر دەرمانەکان رێگەپێدراویش بن، لەژێر چاودێریدا بەکارنەهێنرێن، مەترسیی گەورەیان لێدەکەوێتەوە".
 
لە یەکێک لە بەرنامەکانی 'لەگەڵ رەنج' دا د. ئیبراهیم عیسا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی رووەك رایگەیاند: "لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەیان دەرمانی قڕکەر هەن، کە چەندین دەیەیە لە لیستی دەرمانە قەدەخەکراوەکانی جیهان و عێراقیش دان، بەڵام چەند تۆنت بوێت، لە بازاڕ دەستت دەکەوێت".