پزیشکێکی ڤێتێرنەری: هەر ئاژەڵێک گەنەی پێوەبێت سەرنابڕدرێت

25-06-2023
شکار رێبوار
دکتۆر تاریق عەلی، پزیشکی ڤێتێرنەری. وێنە: رووداو
دکتۆر تاریق عەلی، پزیشکی ڤێتێرنەری. وێنە: رووداو
نیشانەکردن تای خوێنبەربوون
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پزیشکێکی ڤێتێرنەری رایدەگەیێنێت، پێشگیریکردن لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ئاسانە، بەڵام دەبێت هەر ئاژەڵێک بشۆردرێتەوە و دەرزیی دژەگەنەی لێبدرێت. 
 
رۆژی شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023 دکتۆر تاریق عەلی، پزیشکی ڤێتێرنەری لە کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، رێگە نادرێت بە سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی گەنەیان پێوەیە، چونکە ئەگەری هەیە ئاژەڵەکە تووشی نەخۆشییەکە بووبێت.
 
لە بارەی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکەوە پزیشکەکە گوتی، رۆژانە نزیکەی 30 بۆ 50 ئاژەڵ دەدرێتەوە بە خاوەنەکانیان بۆئەوەی چارەسەریان بکەن، بەجۆرێک کە پێیان دەگوترێت ئاژەڵەکانیان بشۆن یاخود دەرزیی گەنەبڕیان لێبدەن.
 
لە بارەی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە دکتۆر تاریق گوتی، ''پێویستە ئەوانەی قوربانی دەکەن ئاژەڵەکانیان لە کوشتارگەکان سەرببڕن، چونکە چەندین نەخۆشیی ئاژەڵی هەیە کە لەلایەن کەسانی ئاساییەوە هەستیان پێناکرێت، بەڵام لەلایەن کەسانی شارەزاوە پشکنینیان بۆ دەکرێت ئینجا سەردەبڕدرێن''. 
 
هەروەها دکتۆر تاریق ئاشکرای دەکات، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون سەرەتا بەهۆی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵ و دواتریش بۆ مرۆڤ، لەبارەی رێنوێنییەکانی خۆپارێزییەوە دەشڵێت: لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتی ئاژەڵ پێویستە دەمامک، دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت بەکاربهێندرێن.
 
تایبەت بە خۆپارێزی کابانی ماڵیش گوتی، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆشتدا بکەن و ماوەیەک لە نێو بەفرگردا بیهێڵنەوە، هەروەها گۆشت ماوەی 15 خولەک زیاتر لە 60 پلەی سلیزیدا بکوڵێندرێت، چونکە لەم پلە گەرمییەدا ڤایرۆسەکە لەنێو دەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە