رووداو - تەندروستی
نەخۆشیی کۆکە رەشە: کۆکەیەکی بەردەوامی بێزارکەرە بەهۆی هەوکردنی رێڕەوی هەناسەوە بە بەکتریای (Bordetella Pertussis)، تووشی هەموو تەمەنێک دەبێت بەتایبەتی منداڵانی خوار شەش مانگ، چونکە هێشتا سیستمی بەرگرییان تەواو نییە.
سەرەتای نەخۆشییەکە وەکو دەردەسەرما وایە، نەخۆش نیشانەکانی هەڵامەت، پژمین و تا لەگەڵ کەمە کۆکەیەکی هەیە.
دوای یەک بۆ دوو هەفتە کۆکەکە دەگۆڕێت بۆ کۆکەیەکی وشکی بێزارکەر و تووند کە بە شێوەی لەناکاو بۆی دێت نزیکەی خولەکێک دەخایێنێت و لەکاتی هەر نەوبەیەکی کۆکەکە منداڵەک سوور دەبێتەوە، هەندێکجاریش شین و مۆر دەبێت و لە کۆتایی کۆکینەکە دەنگێکی بەرزی لێوە دێت لەکاتی هەناسە هەڵمژین کە ئەو دەنگە بووەتە هێمایەک بۆ کۆکە رەشە تەنانەت هەندێکجاریش کەسەکە لەگەڵیدا دەڕشێتەوە.
لەنێوان کۆکینەکان زۆربەی جار منداڵەکە هەست بەباشی دەکات و هەناسەی باشە، نیشانەکانی جیاوازن بەپێی تەمەن، منداڵانی ساوا تووندتر تووشی دەبن و لەوانەیە لەکاتی کۆکین هەناسەیان بوەستێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو کۆکەیە ئەوەیە کە درێژە دەکێشێت بۆ ماوەی نزیک سێ مانگ یان زیاتر.
رێگەکانی گواستنەوە
* بەرکەوتن بە دەردراوەکانی دەم و لووت
* پژمین
* کۆکین
* دەستلێدان
* بەرکەوتن
رێگەکانی خۆپاراستن لە کۆکە رەشە
* کوتان؛ بە گوێرەی خشتەی کوتان، هاوکات دەشێت ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە تووشی نەخۆشییەکە ببن، بەڵام بە سووکی دەیگرن.
* کەمکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو.
چارەسەری ئەو نەخۆشیە لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕەوە دەبێت بەپێدانی دەرمانی دژە بەکتریا، کە ماوەی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە و گواستنەوەی نەخۆشییەکەش لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە رادەگرێت.
لەو منداڵانەی تەمەنیان زۆر بچووکە یان بە تووندی تووشی دەبن لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن بە پێدانی ئۆکسجین و رێنمایی تایبەت، چونکە لە منداڵانی ساوا لەوانەیە مەترسی بۆ سەر گیانی دروست بکات.
تێبینی؛ بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی هەندێک کەس بە خشتەی کوتانی منداڵان و بوونی ئاوارەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان کە نەکوتراون، ئێستا ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکە روو لە زیادبوونە.
ئامادەکردنی: د. سۆران سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ