تەندروستیی جیهانی: لە نیو سەدەدا ژیانی 154 ملیۆن کەس بە کوتان رزگارکراوە

رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی جیهانی دەڵێت لە نیو سەدەی رابردوودا، هەڵمەتی کوتان ژیانی 154 ملیۆن منداڵی لە مردن رزگارکردووە و ئەوانەی زۆرترین سوودیان لێ بینیوە "کۆرپەکانن."
 
رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) توێژینەوەیەکی نوێی لە گۆڤاری زانستیی لانسێت بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "هەڵمەتەکانی کوتان لە سەرانسەری جیهان ژیانی 154 ملیۆن کەسیان لە 50 ساڵی رابردوودا رزگارکردووە. ئەمەش واتا لە هەر خولەکێکدا ژیانی شەش کەس لە مردن رزگارکراوە."
 
تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرۆسیۆس، سەرۆکی رێکخراوەکە گوتی "ئێستا هەر منداڵێک لەدایک ببێت، بەڕێژەی 40٪  دەرفەتی گەیشتنی بە پێنج ساڵی زیاترە لەو منداڵانەی 50 ساڵ پێش ئێستا لە دایک دەبوون."
 
گیبریسیۆس هەروەها گوتی "ڤاکسین یەکێکە لە بەهێزترین داهێنانەکانی مێژوو، کە نەخۆشییە ترسناکەکان ناهێڵێت."
 
بەگوێرەی لێدوانەکەی سەرۆکی تەندروستیی جیهانی، "بەسەر ئاوڵە سەرکەوتووین، ئیفلیجیی منداڵان خەریکە نامێنێت و لە پێشکەوتنی ڤاکسینی نەخۆشییەکانی وەک مەلاریا و شێرپەنجەی منداڵدانی ئافرەتان بەردەوامین."
 
بەگوتەی تێدرۆس ئەدهانۆم لەو 154 ملیۆن کەسە، 101 ملیۆن کۆرپە سوودیان لە هەڵمەتەکانی کوتان بینیوە و لە نەخۆشییەکان دووربوون.
 
توێژینەوەکە دەڵێت، ڤاکسینەکان لە دژی هەریەک لە نەخۆشییەکانی ئەنفلەوانزای هیمۆفیلیۆس HIB، هەوکردنی جگەر جۆری B، هەوکردنی مێشک جۆری ژاپۆنی، سوورێژە، هەوکردنی پەردەی مێشک جۆری A، کۆکەڕەشە، ئیفلیجی، ڤایرۆسی رۆتا، سورێژەی ئەڵمانی، دەردەکۆپان، سیل و تای زەرد لە پێنج دەیەی رابردوودا مردنی کۆرپەیان ٪40 کەمکردووەتەوە، لە ئەفریقا مردنی کۆرپە ٪50 کەمبووەتەوە.
 
توێژینەوەکە پیشانی داوە، ڤاکسینی دژی سورێژە زۆرترین کاریگەری هەبووە و ژیانی ٪60ـی منداڵانی رزگارکردووە. ڤاکسینی ئیفلیجی (پۆلیۆ) لەلایەکی دیکە بە مانای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ 20 ملیۆن کەس دەتوانن بەپێ بڕۆن. کاتێک ڤاکسین ژیانی منداڵێک لە مردن رزگار دەکات، ئەو منداڵە دەتوانێت 66 ساڵ بە تەندروستییەکی باش بژیت.
 
دوایین ئاماری سورێژەی جیهانی لە 2022 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "نۆ ملیۆن کەس، بە گشتی منداڵان تووشی سورێژە بوون و 136 هەزار منداڵ بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا."
 
کەیت ئۆبرین، بەرپرسی ڤاکسینەکان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت "زۆربەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی نەکوتانی منداڵەکانەوە بووە. ڤاکسینی سورێژە سەلامەتە و کاریگەرییەکەی زۆرە. پێویستە کاری پێکەوەیی بکرێت لە دژی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە."