نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک؛ وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەک دەنێرێتە سلێمانی و هەڵەبجە

25-04-2023
هێمن بابان رەحیم
منداڵێکی تووشبووی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی
منداڵێکی تووشبووی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بەدواداچوونی بۆ رەوشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان پێکهێنا. لیژنەکە سەردانی هەڵەبجە و سلێمانی دەکەن و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستی لەبارەی نەخۆشییەکەوە دەکەن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی راپەڕین بۆ منداڵان لە هەولێر دەڵێت، "نەخۆشییەکە هەموو ساڵێک هەیە."
 
رۆژی سێشەممە، 25-4-2023، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە رایگەیاند، لەپێناو بەدواداچوونی رەوشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان، بڕیاریانداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان بۆ سەردانیکردنی مەیدانیی شاری هەڵەبجە و سلێمانی بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستیی رێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی تووشبووەکان و دەستنیشانکردن و چارەسەرییەکان و پێداویستییەکانی رەوشی ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان.
 
مانگێک زیاترە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە، نزیکەی 200 تووشبوو بەو نەخۆشییە لەو دوو پارێزگایە تۆماکراون، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، سەرجەمی نەخۆشەکان منداڵن، نەخۆشییەکە لە هەولێر و دهۆکیش هەیە، بەڵام ژمارەی تووشبووان بەپێی بەرپرسێکی تەندروستیی هەولێر زۆر کەمترە.
 
د. مەحموود محەممەد سادق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی راپەڕین بۆ منداڵان لە هەولێر لەبارەی نەخۆشییەکەوە دەڵێت، "ئەو نەخۆشییە نوێ نییە، هەموو ساڵێک هەیە، نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆس یان بەکتریا یان کەڕووەوە تووشی پەردەی مێشک دەبێت و لەنێوان منداڵ و گەورەشدا باوە، بەڵام دەبێت زوو دەستنیشان بکرێت و نەخۆش بەخێرایی پشکنین بکات و چارەسەری وەربگرێت، چونکە ئەگەر ئەو کارانە دوابخرێت لێکەوتەی خراپی دەبێت و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردنی نەخۆشەکە."
 
دەشڵێت، "نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەولێر و دهۆکیش هەیە و لەنێو منداڵان لە ماوەی ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش تۆمارکراون، بەڵام رێژەی تووشبوون وەکو سلێمانی و هەڵەبجە زۆر نییە، هەڵبەت دەبێت ئەوانەی سلێمانی و هەڵەبجە بەتەواوی پشکنینیان بۆ بکرێت و حاڵەتەکان دیاری بکرێن کە ئەوانە تووشبووی ئەو نەخۆشییەن."
 
هەوکردنی پەردەی مێشک، بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوروبەری مێشک و دڕکه پەتک، نەخۆشییەکە لەرێگەی خوێن یان دەستلێدانەوە دەگوێزرێتەوە، درەنگ دەستنیشانکردن و چارەسەرنەکردنیشی ئەگەری مردنی تووشبووەکەی لێدەکەوێتەوە.
 
لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی لە حەوت کەس پێکهاتوون کە چواریان پزیشکن، لەگەڵ دەرمانسازێک لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی و یاریدەدەرێکی پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لەگەڵ تێبینەرێک.
 
هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی نوێ نییە و ناوبەناو تووشبووی تۆماردەکرێت، بەپێی پزیشکانی پسپۆڕ هۆکارەکانی تووشبوون لەوانەیە لە رێگەی ڤایرۆس یان بەکتریا یان هەندێک جار شێرپەنجە و دەرمان یان مشەخۆرەکانەوە تووشی نەخۆش ببێت.
 
نیشانە دیارەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵی خوار تەمەنی 3 مانگ بریتین لە:
 
- کەمبوونەوەی شیرخواردن.
- رشانەوە.
- نیگەرانی و بێزاری و گریانی زۆر.
- تای بەرز.
- دابەزینی پلەی گەرمی لەش و بێهێزبوون.
- هاتنەدەرەوەی مەڵاشو.
 
ئەو نیشانانە لە منداڵی گەورەتر بریتین لە:
 
- رشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن. 
- سەرئێشە. 
- نیگەرانبوون بە رووناکی.
- نیگەرانی و بێزاری. 
- تای بەرز کە رەنگە ببێتە هۆی گەشکە.
- رەقبوونی مل.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە