رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای دەرمانسازان بڕیاریدا بە راگرتنی خاوەنی دەرمانخانەکانی سەروەران لە پیادەکردنی پیشەی دەرمانسازی بۆ سێ مانگ و لیژنەیەکیشی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە زنجیرە دەرمانخانەکانی.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، د. رەنج محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو زنجیرە دەرمانخانەیە جاری یەکەمیان نییە سەرپێچی دەکەن، لە ماوەی رابردوودا ریکلامی قەدەخەیان کردبوو؛ ماوەیەکیش لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەرمانخانەکان داخرابوون؛ ئەم جاریش کۆمەڵێک تۆماری دەنگی بڵاوبوونەتەوە."
د. رەنج محەممەد باسی لەوە کرد، لە تۆمارە دەنگییەکەدا خاوەنی دەرمانخانەکانی سەروەران بە کارمەندەکانی دەڵێت: "دەرمانەکان بگۆڕن".
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان ئەو کارە بە نایاسایی ناودەبات و دەڵێت: "دەرمانە درێژخایەنەکان دەبێت لەژێر چاودێریی پزیشک بگۆڕدرێن؛ دەرمانی دیکەش لە کاتی گۆڕینی دا دەبێت هاووڵاتی لێی ئاگادار بکرێتەوە، ئەگەرنا دەچێتە خانەی رێککەوتنی ئەو دەرمانخانەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان بۆ ساخکردنەوەی دەرمان."
شەوی رابردوو تۆمارێکی دەنگیی دەرمانساز کۆچەر ئیسماعل، خاوەنی زنجیرە دەرمانخانەکانی سەروەران بڵاوبووەوە کە رێنمایی بە کارمەندەکانی دەدات و داوایان لێ دەکات بەبێ روونکردنەوە دەرمان بدەنە نەخۆشەکان و ئەگەر ئەو دەرمانانەش نەبوون کە نەخۆش داوایان دەکات، دەرمانی دیکەی پێ بدەن.
سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بڕیاریان داوە بە راگرتنی دەرمانساز د. کۆچەر ئیسماعیل محەممەد لە پیادەکردنی پیشەی دەرمانسازی بۆ سێ مانگ و تاوتوێکردنی لێسەندنەوەی ناسنامەی سەندیکا لەو دەرمانسازە بەهۆی پێشێلکردنی چەند برگەیەکی یاسایی.
وەک سەندیکای دەرمانسازان دەڵێت: "لێژنەیەک پێکێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە و بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمەڵە دەرمانخانەیە؛ هەروەها بەدواداچوونی لێکەوتەکانی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی تەندرووستی بە هاووڵاتییان و هەر کارێکی دیکە کە دوور لە پیشەی دەرمانسازی کرابێت."
ئەمڕۆ دکتۆر کۆچەر ئیسماعیل روونکردنەوەی لەسەر قسەکانی بۆ رووداو دا و باسی لەوە کرد، تۆماری دەنگییەکە راستە و قسەی خۆیەتی، بەڵام هەمووی دانەنراوە و "ئێمە لە دنیای ژیریی دەستکرداین، زۆر بە ئاسانی دەستکاریی دەنگ دەکرێت".
دکتۆر کۆچەر گوتشی: "چەند جارێک دەرمانخانەی سەروارن داخراوە و منیش دراومەتە دادگە؛ با دەرمانخانەکانی دیکەش دەرمان هەرزان بکەن تاوەکو هاووڵاتیان روو لەوان بکەن."
راگەیێندراوی سەندیکاری دەرمانسازانی کوردستان:
1- لێکۆڵینەوە لە تەواوی ئەم بابەتانە بە لیژنەی تایبەتمەند سپێردراوە بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزای رەوا و شایستە لە بەرامبەر ئەم کەیسانە بگرنەبەر.
2- هەر کاتێک ئەم کەیسانە یان هەر کەسێکی دیکە پێویستی بە بڕیاری دادگا بوو، ئێمە کەیسەکە رەوانەی دادگا دەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات.
3- پشکی سەرەکیی ئەو جۆرە کارانە لە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستییە کە پێویستە نرخی دەرمان جێگیربکات و کەمتەرخەمن لە بەدواداچوونی ئەم بابەتە.
4- هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە هەر کاتێک کارێکی لەم جۆرە تایبەت بە کەسێک یان گرووپێکی دیاریکراو هەبێت، ئەوا رێکاری یاسایی دەگرینەبەر، چونکە لای هەمووان ئاشکرایە کە رەوشت و نەریتی دەرمانسازی دوورە لەم جۆرە کارانە و سەندیکاکەمان متمانەی رەهای بە تەواوی دەرمانخانەکانمان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ