رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بەرگریی جەستە و نەخۆشییە گوازراوەکان رایدەگەیێنێت، ئەگەری زۆر هەیە پەتای داهاتوو ڤایرۆسی بێت، چونکە ڤایرۆسەکان هاوبەشن لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ.
رۆژی یەکشەممە 25ـی شوباتی 2024 د. هیشام بایەزید، پسپۆڕی بەرگریی جەستە و نەخۆشییە گوازراوەکان لە بوولتەنی تەندروستیدا گوتی، چەند ساڵ جارێک جۆرە ڤایرۆسێک بە تایبەتمەندی و شێوای جیاواز سەرهەڵدەدات و دەبنە پەتای جیهانی، هاوکات گوتیشی، ڤایرۆسەکان ئەگەری گۆڕانکارییان زیاترە.
د. هیشام بایەزید، پسپۆڕی بەرگریی جەستە و نەخۆشییە گوازراوەکان دەڵێت: سەرچاوەی پەتای داهاتوو پێشبینیدەکرێت لەڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، بەتایبەت ئاژەڵی کێوی.
هاوکات روونی دەکاتەوە، نزیکەی 25 جۆری ڤایرۆس هەن لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا هاوبەشن و دەشێت گۆڕانکارییەکی بچووک لە پێکهاتەکانیان، نیشانە و نەخۆشکەوتنی جیاواز دروستبکات و ببێتەهۆی پەتای داهاتوو کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: ''20 ئەوەندەی کۆرۆنا کوشندەتر دەبێت''.
د. هیشام ئاشکرای دەکات، مەیموون، مریشک و بەراز ئەو گیاندارانەن کە دەشێت ڤایرۆسی نوێیان لێ بڵاوببێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا د. هیشام گوتی، 'دەستشۆردنی بەردەوام، بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنی قەرەباڵخ و ڤاکسین' بۆ خۆپاراستن جێبەجێبکرێن، تەنانەت گوتیشی، بایەخیش بدرێت بە 'وەرزش، خواردنی خۆراکی تەندروست و بەکارنەهێنانی دەرمانی ناپێویست' تاوەکو بەرگریی جەستەی تاک بەهێزبێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریداوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی X کە بە سەرچاوەی پەتای داهاتووی دادەنێت و تاوەکو ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.
ناوی نەخۆشیی X بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017 لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بەکارهات و مەبەستی ئەو ناوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هۆکارەکەی نەزانراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ