رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ژینگە رایدەگەیێنێت، هەموو جۆرەکانی پلاستیک مەترسیدارن بەتایبەت ئەو جۆرەیان کە پێی دەڵێن PVC کە بەشێک لە پلاستیکەکانی پەرداخ و کۆگەکردنی ئاو دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 25-1-2025 د. چیا مەعرووف، پسپۆڕی ژینگە لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداودا گوتی، پلاستیک کاریگەریی نەرێنی لەسەر خاکیش دەبێت، بەجۆرێک پلاستیکی بتڵی ئاوەکان نزیکەی 450 ساڵی دەوێت بۆ شیبوونەوە، بەڵام پلاستیکی کیسی نایلۆنی نزیکەی 10 بۆ 15 ساڵی پێویستە.
پسپۆڕەکە رایگەیاند، ئەگەر بتڵەکانی ئاو یاخود ئەو کیسانەی نان و سەموونیان تێدەکرێت گەرمیی سەروو 35 پلەی سیلیزیان بەربکەوێت، ئەوا وردەپلاستیکیان لێوە دەردەچێت و تێکەڵ بە ئاو یاخود بە سەموون و نانەکە دەبن و چەند کاریگەرییەکی مەترسیدار لەسەر مرۆڤ دروستدەکەن وەکو؛
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایێن بە پلاستیکەکان.
- سستبوونی گورچیلەکان و ژەهراویبوون.
- لاوازبوونی یادگە و تواناکانی فێربوون.
- تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی.
- تێکچوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورگەسوورە، هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم و دەردە رێوی.
بەگوێرەی بەدوادچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە لە پارێزگای هەولێر رۆژانە 2 هەزار و 100 تۆن خاشاک لە سنووری پارێزگەکە کۆدەکرێتەوە، کە 27٪ی پلاستیکە، هەروەها ساڵانە زیاتر لە 204 هەزار تۆن پلاستیک لەو پارێزگایە فڕێدەدەرێت.
لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 6 هەزار و 500 تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە کە هەزار و 500 تۆنی پاشماوە پلاستیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ