یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی ئۆتیزم بەڕێوەچوو
رووداو - تەندروستی
یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئۆتیزمی زانکۆی سەلاحەدین بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو، سەرۆکی بەشی پەروەردەی تایبەتی کۆنفرانسەکە دەڵێت: گرنگیدان بە پەروەردەی تایبەت، رێگەیەکی پێشگیریکردنە لە زۆربوونی ژمارەی ئۆتیزم.
کۆنفرانسەکە دوو رۆژی خایاند و لە 24ـی کانوونی دووەمی 2024 دەستیپێکرد، 26 توێژینەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر شەبەنگی ئۆتیزم و لێکەوتەکانی لە رابردوو، ئێستا و داهاتوو خرانەڕوو.
کاریگەرییەکانی پەروەردەی تایبەت لەسەر باشترکردنی شێوازی ژیانی منداڵانی ئۆتیزم و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەمیان لە مژارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە بوو.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە چوار زانکۆ بەشی پەروەردەی تایبەت هەن، ئەوانیش ناتوانن پێداویستیی سەنتەرەکانی راهێنانی ئۆتیزم و نیڤشکان پڕبکەنەوە.
د. ئاراس حەکیم، سەرۆکی بەشی پەروەردەی تایبەت لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: ''ئامانجمان ئەوەیە خەڵک بایەخی بەشی پەروەردەی تایبەت بزانێت، تائێستا لەبەشەکەمان ئەمساڵ بە ئۆنڵاین، راستەوخۆ و پاڕاڵێڵ 20 کەس پیشکێشی کردووە، وێڕای ئەوەی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەتیش بایەخ بە دامەزراندنیان دەدات و پێداویستی هەنووکەیی کۆمەڵگەن''.
جگە لە توێژەرانی کورد و عێراقی، ژمارەیەک پسپۆر و توێژەر لە ئوردن، میسر، سوریا و جەزائیرەوە توێژینەوەکانیان خستەڕوو، پسپۆڕێک کە لە ئوردنەوە توێژینەوە و گوتاری پێشكێشکرد تایبەت بە رووداو گوتی، پەروەردەی تایبەت رۆڵێکی گەورە و سەرەکیی هەیە لەگەشەپێکردنی هەڵسوکەوتی منداڵانی نیڤشک و ئۆتیزم.
د. ئیبراهیم زریقات، پرۆفیسۆری پەروەردەی تایبەت لە زانکۆی ئوردنی دەڵێت: ماڵی ئۆتیزم بەشێوەیەکی گشتیی و تایبەت کاردەکات لە گەشەپێکردنی توانای منداڵانی ئۆتیزم لە رێگەی کەمکردنەوەی هۆکارەکانی شۆکبوون لە هەڵسوکەوتە نامۆکانیان لە رووی کۆمەڵایەتیی و رەفتاری کەسێتییاندا، هاوکات لە رێگەی راهێنانەکانەوە ئاست و توانای فێربوونیان بەرزتر دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزم، ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 739 منداڵی ئۆتیزم هەن، 44 سەنتەری ئۆتیزمی حکومی و تایبەت هەن کە هەزار و 612 منداڵ لەنێویاندا راهێنانیان پێدەکرێت.
لە سەنتەری خێرخوازیی ئیماڕاتی بۆ ئۆتیزم، لەماوەی سێ ساڵدا، تواندراوە 37 منداڵ بگەڕێندرێنەوە قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ئاسایی.
راژان فوئاد، رێکخەری راهێنەرانی سەنتەری ئیماڕاتی بۆ ئۆتیزم گوتی، ''لەماوەی ئەو سێ ساڵەی کارمان لەسەر منداڵی ئۆتیزم کردووە و راهێنانمان پێکردوون، 104 منداڵ رۆیشتوون، لەکۆی ئەو 104 منداڵە لەسەنتەری ئیماڕاتی راهێنانیان وەرگرتووە 37 منداڵ گەڕێندراونەتەوە قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ئاسایی''.
لە دووەمین رۆژی کۆنفرانسەکە پانێڵێکی فراوان بە نوێنەرایەتی هەریەک لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە، هەروەها بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان پێشکێشکرا.