یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی ئۆتیزم بەڕێوەچوو

25-01-2024
شکار رێبوار
نێو کۆنفرانسەکە. وێنە: رووداو
نێو کۆنفرانسەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئۆتیزمی زانکۆی سەلاحەدین بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو، سەرۆکی بەشی پەروەردەی تایبەتی کۆنفرانسەکە دەڵێت: گرنگیدان بە پەروەردەی تایبەت، رێگەیەکی پێشگیریکردنە لە زۆربوونی ژمارەی ئۆتیزم.
 
کۆنفرانسەکە دوو رۆژی خایاند و لە 24ـی کانوونی دووەمی 2024 دەستیپێکرد، 26 توێژینەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر شەبەنگی ئۆتیزم و لێکەوتەکانی لە رابردوو، ئێستا و داهاتوو خرانەڕوو.
 
کاریگەرییەکانی پەروەردەی تایبەت لەسەر باشترکردنی شێوازی ژیانی منداڵانی ئۆتیزم و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەمیان لە مژارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە بوو.
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە چوار زانکۆ بەشی پەروەردەی تایبەت هەن، ئەوانیش ناتوانن پێداویستیی سەنتەرەکانی راهێنانی ئۆتیزم و نیڤشکان پڕبکەنەوە.
 
د. ئاراس حەکیم، سەرۆکی بەشی پەروەردەی تایبەت لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: ''ئامانجمان ئەوەیە خەڵک بایەخی بەشی پەروەردەی تایبەت بزانێت، تائێستا  لەبەشەکەمان ئەمساڵ بە ئۆنڵاین، راستەوخۆ و پاڕاڵێڵ 20 کەس پیشکێشی کردووە، وێڕای ئەوەی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەتیش بایەخ بە دامەزراندنیان دەدات و پێداویستی هەنووکەیی کۆمەڵگەن''.
 
جگە لە توێژەرانی کورد و عێراقی، ژمارەیەک پسپۆر و توێژەر لە ئوردن، میسر، سوریا و جەزائیرەوە توێژینەوەکانیان خستەڕوو، پسپۆڕێک کە لە ئوردنەوە توێژینەوە و گوتاری پێشكێشکرد تایبەت بە رووداو گوتی، پەروەردەی تایبەت رۆڵێکی گەورە و سەرەکیی هەیە لەگەشەپێکردنی هەڵسوکەوتی منداڵانی نیڤشک و ئۆتیزم.
 
د. ئیبراهیم زریقات، پرۆفیسۆری پەروەردەی تایبەت لە زانکۆی ئوردنی دەڵێت: ماڵی ئۆتیزم بەشێوەیەکی گشتیی و تایبەت کاردەکات لە گەشەپێکردنی توانای منداڵانی ئۆتیزم لە رێگەی کەمکردنەوەی هۆکارەکانی شۆکبوون لە هەڵسوکەوتە نامۆکانیان لە رووی کۆمەڵایەتیی و رەفتاری کەسێتییاندا، هاوکات لە رێگەی راهێنانەکانەوە ئاست و توانای فێربوونیان بەرزتر دەکاتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزم، ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 739 منداڵی ئۆتیزم هەن، 44 سەنتەری ئۆتیزمی حکومی و تایبەت هەن کە هەزار و 612 منداڵ لەنێویاندا راهێنانیان پێدەکرێت.
 
لە سەنتەری خێرخوازیی ئیماڕاتی بۆ ئۆتیزم، لەماوەی سێ ساڵدا، تواندراوە 37 منداڵ بگەڕێندرێنەوە قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ئاسایی.
 
راژان فوئاد، رێکخەری راهێنەرانی سەنتەری ئیماڕاتی بۆ ئۆتیزم گوتی، ''لەماوەی ئەو سێ ساڵەی کارمان لەسەر منداڵی ئۆتیزم کردووە و راهێنانمان پێکردوون، 104 منداڵ رۆیشتوون، لەکۆی ئەو 104 منداڵە لەسەنتەری ئیماڕاتی راهێنانیان وەرگرتووە 37 منداڵ گەڕێندراونەتەوە قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ئاسایی''.
 
لە دووەمین رۆژی کۆنفرانسەکە پانێڵێکی فراوان بە نوێنەرایەتی هەریەک لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە، هەروەها بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان پێشکێشکرا.
 
کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لە پانێڵەکەدا ئاشکرای کرد، داواکاریی سەرەکییان کردنەوەی سەنتەری حکومی بێبەرامبەرە بۆ راهێنان و شیانەوە منداڵانی ئۆتیزم.
 
کەمال جەباری گوتی، زۆرینەی خێزانی منداڵە ئۆتیزمەکان کەمدەرامەتن و توانایان نییە منداڵەکانیان بنێرنە سەنتەرەکانی راهێنان، هەروەها دەڵێت: هاوژین هەبووە بەهۆی منداڵە ئۆتیزمەکەیانەوە و کەمدەرامەتی لێکجیابوونەتەوە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان ئامارێکی نافەرمی دەخاتەڕوو کە لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2024 زیاتر لە 50 دۆسیەی لێکجیابوونەوەی دایک و باوکی منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراون.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا کەمال جەباری ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 2008 لەکۆی 150 منداڵ، تەنیا منداڵێک ئۆتیزم بوو، بەڵام ئێستا لەکۆی 110 منداڵ، منداڵێک ئۆتیزمە.
 
لە کۆتاییدا د. مازن عەبدولخالق، سەرۆکی کۆنفرانسەکە و راگری کۆلێژی پەروەردە دەڵێت: توانیمان پرسی ئۆتیزم زیاتر دەربخەین لەلایەن بەرپرسانی پەیوەست بە پرسی ئۆتیزم.
 
د. مازن عەبدولخالق دەشڵێت: دەرخستە و پێشنیازەکانی هەموو توێژەر و سپیکەرەکانی نێو کۆنفرانسەکە بە چەند خاڵێک دەخرێنەڕوو و دەکرێن بە راپۆڕت بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە