بۆچی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشەیە بۆ هەموو جیهان؟

25-01-2020
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

ووهان شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، تاوەکو ئێستا 41 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە چین گیانیان لەدەستداوە. ژمارەی زۆری سەردانیکەرانی شارەکە بووەتە رێخۆشکەر و هەڕەشەیەک بۆ خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە جیهاندا، هەربۆیە هاتووچۆ و گەشتکردن بەشێوەیەکی کاتی سنووردارکراوە.
 
شاری ووهان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی وڵاتی چین، یەکێکە لە شارە گەورەکانی جیهان و ئەو شوێنە بوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەوە. تاوەکو ئێستا بەتەواوەتی هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ نەزانراوە، بەڵام گوماندەکرێت لەڕێگەی خواردنە دەریاییەکان گوازرابێتەوە.
 
گەورەیی شارەکە و زۆری ژمارەی دانیشتووانی وایکردووە ڤایرۆسەکە خێراتر بڵاوبێتەوە و بەقورسی کۆنترۆڵبکرێت. بەپێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2018 ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شارەکە نزیکەی نۆ ملیۆن کەسە و حەوتەم گەورەترین شارە لەسەر ئاستی وڵاتی چین. هەرچەندە ئاماری دەزگا فەرمییەکانی نێوخۆی وڵاتەکە ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەی دانیشتووان نزیکەی 11 ملیۆن کەسە.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆری ژمارەی گەشتیارانە، لە ساڵی 2016، 20 ملیۆن کەس چوونەتە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ووهان و سەردانیکەران ڤایرۆسەکە لەگەڵ خۆیان دەگوازنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون. ئەو حاڵەتی نەخۆشییانەی لە ئەمریکا، ژاپۆن و فەرەنسا تۆمارکراون پێشتر سەردانی شاری ووهانیان کردووە و دوو هەزار کەس لە  بەریتانیا خراوەنەتە ژێر چاودێری. هەروەها ئێستا بۆ کەمترکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە هاتووچۆ و گەشتکردن بۆ شارەکە سنووردارکراوە.
 
هەرزانی دەستی کار لە وڵاتی چین بەشێک لە کۆمپانیا و کارخانە گەورەکانی جیهانی بۆ وڵاتەکە راکێشاوە و بە شارەکانی چیندا بڵاوبوونەتەوە، 230 کۆمپانیای گەورەی جیهانی تێیدا کاردەکەن و بەرهەمەکانیان بە جیهاندا بڵاودەکەنەوە، ئەوەش رێگەیەکی دیکەیە کە ڤایرۆسەکەی لێوە بڵاوبێتەوە.
 
کۆرۆنا جۆرێکی ڤایرۆسە کە تووشی شیردەرەکان و باڵندەکان دەبێت، لە 31 کانوونی یەکەمی 2019 لەلایەن چینەوە هۆشداری درایە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بوونی چەند حاڵەتێکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە.
 
ڤایرۆسەکە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە و دەبێتە هۆی کۆکەی قورس و هەناسە تووندی. تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە پێکوتە و دژەڤایرۆسێک نەدۆزراوەتەوە کە بتوانێت بەتەواوی لەنێوی ببات، چونکە ریزبەندی بۆماوەیی بەخێرایی دەگۆڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە