چیرۆکی سەبیحە کە لە بۆردووماندا چاوێکی لەدەستداوە: تەنیا ئاواتمە نەشتەرگەری بۆ چاوم بکەم
رووداو دیجیتاڵ
هەبوونی رووخسارێکی جوان گەورەترین خەونی سەبیحەیە، ئەو تەمەنی چوار ساڵ بوو کە بەهۆی بۆردوومانی شاری حەلەبی سووریا برینداربوو، هەرچەندە چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە، بەڵام سوودی نەبووە و چاوێکی لەدەستداوە.
سەبیحە ئازاد وا تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ و تاوەکو ئێستا نەچووەتە قوتابخانە. بە رووداوی گوت: "دەمەوێت وەکو کەسانی هاوشێوەی خۆم باش بم، ئیدی هیچی دیکەم ناوێت... ئاواتی من لە دنیا ئەوەیە چاوی خۆم نەشتەرگەری بکەم، هیچی دیکە نییە."
ئەو دەڵێت، ئەگەر نەشتەرگەری بکات، ژیانی دەگۆڕێت و شێوەی رووخساری چاک دەبێت.
خێزانەکە سەبیحە نۆ کەسن، باوکی کرێکارە و کرێی رۆژانەی 10 هەزار دینارە، لەبەر نەبوونی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ بکەن.
ئازادین حاج عەلی، باوکی سەبیحەیە و دەڵێت، "کچەکەم بیری باش نییە، هەمیشە خەم دەخوات، پێی دەڵێم 'بۆ؟' دەڵێت، 'تاوەکو چاوم باش نەبێت، بەکەڵک نایێم'، هەمیشە سەرقاڵە و هەتا خواردنیش باش ناخوات." باوکی داوای ئەوە دەکات خێرخوازان کچەکەی ببەنە نەخۆشخانە و چارەسەری بکەن، ئەو هیچی دیکەی ناوێت.
پزیشکەکان دەتوانن لە هەرێمی کوردستان نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدەن، بەڵام تێچووەکەی بۆ ئەو خێزانە هەژارە زۆرە.
ژاڵە دارا میران، پسپۆڕی نەشتەرگەریی روو و شەویلاگ دەڵێت: "سەرەتا پێویستە پشکنین بۆ چاوەکە بکەین، بزانین هیچی دیکەی پێویست نییە، ئەگەر هەوکردنێکی هەبێت، پێویستە چارەسەر بکرێت، پاشان چاوی دەستکرد دروست دەکەین." بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، دروستکردنی چاوەکە بە چەند قۆناخێک دەبێت، بەپێی قیاساتیش نرخەکەی دەگۆڕێت کە لەنێوان 1500 بۆ 2500 دۆلار دەبێت.
ماڵباتی سەبیجە لە هەولێر لە خانوویەکی کرێدا دەژین، ئەوەش بووەتە بارگرانی و قەرزداری کردوون، قەرزی کەڵەکەبووی خێزانەکە نزیکەی 800 دۆلارە.