تەندروستیی دهۆک: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 34 هەزار و 500 تووشبووی شەکرە تۆمارکراون

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 34 هەزار و 500 تووشبووی شەکرە لەو پارێزگایە تۆمارکراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-11-2024 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستە خزمەتی زیاتری تووشبووان بکرێت لەڕووی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییەکانی چارەسەر، تاوەکو ئەوانەی کە تووشبوون کوالێتیی ژیانیان باشتر ببێت.
 
بە گوتەی د. ئەفراسیاب مووسا، ئەمڕۆ هاوکاری سەنتەری شەکرە بە بەهای 800 هەزار دۆلار لەلایەن رێکخراوێکی نەرویژی بە هاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرا، نزیکەی 54 هەزار دەرزیی ئەنسۆلینیان بۆ سەنتەری شەکرە لە دهۆک دابینکردووە.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار تووشبووی شەکرە هەن کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرن.
 
ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو دەریدەخەن، ساڵانە نزیکەی پێنج هەزار تووشبووی شەکرە لە سەنتەرەکان و ناوەندە پزیشکییەکان تۆماردەکرێن، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆری خەڵک نازانێت کە شەکرەی هەیە، یاخود بەشێکیان شەکرەیان هەیە و تۆمارنەکراون.