گەیشتنی ڤاکسینی کام کۆمپانیا بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسانترە؟

24-11-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن ڤاکسین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کێبکڕکێی بەرهەمهێنانی ڤاکسین گەرموگوڕە و ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە کام ڤاکسین زووتر دەگاتە خەڵک. کۆمپانیاکان داتا و زانیارییەکانی خۆیان دەخەنەڕوو، حکومەتی وڵاتان ئازاد دەکەن لە کڕینی ڤاکسینەکانیان، تاوەکو ئێستا دەرکەوتووە کە ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد هەم لە رووی نرخ و هەم لە رووی گواستنەوەوە زۆرترین چانسی هەیە خەڵک زوو پێی بگەن.
 
نرخی ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد تەنیا 4 دۆلارە، لەکاتێکدا ڤاکسینەکەی فایزەر 20 دۆلارە و ئەوەی مۆدێرنا 33 دۆلارە. 
 
جۆناتان ڤان تا، جێگری سەرۆکی تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت، ئێستا سێ ڤاکسین بەردەستن، کە سەلمێندراون کاریگەرن، "بەڵام تکایە بیرتان بێت. هێشتا هیچ کام لەو ڤاکسینانە بە رێوشوێنی پەسندکردنیان تێنەپەڕیون و دەبێت ئەمەش رووبدات. ئەوکات دەست بە دابەشکردنی ڤاکسین دەکرێت، قۆڵی خەڵک دەکوترێت و ئەمەش چاونوقاندنێک روونادات. کوتانی دەیان ملیۆن خەڵک هەمیشە کاتی دەوێت."
 
متمانەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەو سێ ڤاکسینە زیاترن کە لە پرۆتۆکۆڵی تەندروستیی جیهانی تێپەڕیون کە بریتین لە ڤاکسینەکانی ئۆکسفۆرد، فایزەر و مۆدێرنا، بەڵام ڤاکسینی گامالای رووسی و کۆرۆناڤاکی چینیش لە فرۆشتن نەوەستاون.
 
کۆرۆناڤاک لە تورکیا، ئیندۆنیزیا و بەرازیل لە قۆناخەکانی کۆتایی تاقیکردنەوەدان، نرخی هەر ژەمە ڤاکسینێکیان 29 دۆلارە. 
 
دیماس جۆڤاس، سەرۆکی پەیمانگەی بوتانتان رایدەگەیێنێت، "ئێمە زۆر نزیکین لە دەستەکەوتنی ڤاکسین بۆ ئەوەی بەرنامەی بەرگریی نیشتمانی بتوانێت لە هەڵمەتێکی کوتان لە چوارچێوەی بەرنامە نیشتمانییەکان دەستپێبکات".
 
هۆکارێکی دیکەی ئەوەی ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد لەوانەیە زووتر بە خەڵکی بگات ئەوەیە، دەتوانرێت لەنێو ساردکەرەوەی ئاسایی هەڵبگیرێت، لەکاتێکدا ئەوەی مۆدێرنا دەبێت لەپلەی 20ـی ژێر سفری سەدی و ئەوەی فایزەر لە پلەی 70ـی ژێر سفری سەدی هەڵبگیرێت، کە هەموو وڵاتێک خاوەنی ئەو کۆگا سەهۆڵبەندانانە نین.
 
مات هانکۆک، وەزیری تەندروستیی بەریتانیا هەواڵی دڵخۆشکەر لەبارەی کۆتاییهاتنی کۆرۆنا رادەگەیێنێت و دەڵێت، لە هاوینی 2021 "ژیان ئاسایی دەبێتەوە"، بەڵام داوا لە خەڵک دەکات تاوەکو دابەشکردنی ڤاکسینەکان خۆیان لە تووشبوون بە کۆرۆنا بپارێزن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێک لە شوێنی کارەکەی. وێنە: Reuters

کۆمپانیایەک لە چین مۆڵەتی دڵتەنگی یاخود خەمۆکی بە کارمەندەکانی دەدات

لە چین کۆمپانیایەکی بارزگانی مۆڵەتی دڵتەنگی یاخود خەمۆکی بۆ کارمەندەکانی دادەنێت، خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت: ئەمە یارمەتییان دەدات کارمەندەکان باشتر کارەکانیان بکەن و لەگەڵ ژیانی خۆیاندا بیگونجێنن.