لە سلێمانی لەنێو سەنتەری دڵ پیاوێک جەڵتە لێی دەدات و ژیانی لە مردن رزگاردەکرێت

24-10-2024
شکار رێبوار
ئەو کاتەی جەڵتە لە پیاوە بەساڵاچووەکە دەدات. وێنە: تەندروستیی سلێمانی
ئەو کاتەی جەڵتە لە پیاوە بەساڵاچووەکە دەدات. وێنە: تەندروستیی سلێمانی
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پیاوێک لەنێو نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی دڵ لە سلێمانی جەڵتەی دڵ لێی دەدات؛ هەر لەو کاتەدا تیمی نەخۆشخانەکە فریایدەکەون و سینگە دڵەبووژانەوەی بۆ دەکەن، ئەو پسپۆڕەی سەرپەرشتیی کردووە دەڵێت، ''لەو کاتەدا دەستبەجێ قەستەرەمان بۆ کرد و ئێستا تەندروستیی جێگیرە''.
 
تەندروستیی سلێمانی ڤیدیۆیەکی پیاوێکی بەساڵاچووی بڵاوکردووەتەوە کە لەنێو نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی دڵ لە سلێمانی دۆخی تەندروستیی تێکدەچێت، ئەمڕۆ د. حوسێن موراد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەو پیاوە بەساڵاچووە دوو کاژێر پێش جەڵتەکە نیشانەکانی سینگئێشە و هێڵنجدانی هەبووە و هاتووە بۆ سەنتەری دڵ. 
 
د. حوسێن موراد کە خۆی سەرپەرشتیی کەیسەکەی کردووە، دوای ئەوەی ئاگادارکراوەتەوە راستەوخۆ بڕیاری قەستەرەی بۆ نەخۆشەکە داوە و دەڵێت: ''گەورەترین دەماری دڵی گیرابوو، دوای قەستەرە دەمارەکە کرایەوە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە''.
 
بەپێی د. حوسێن نیشانەکانی جەڵتەی دڵ دەکرێت ئەمانە بن؛
 
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی 
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
 
هاوکات لە بەشێکی قسەکانیدا باسی جەڵتە لەنێو گەنجان دەکات و دەڵێت: ''جەڵتەی دڵ لە هەموو تەمەنێکدا هەیە و ئێستا لەنێو گەنجاندا بڵاوە، تەنانەت کەسی وا هەیە لە سییەکانی تەمەنییەتی، کەچی سێ خوێنبەری دڵی گیراون''.
 
لە کۆتاییدا گوتی، پێویستە هەر کەسێک ئەو نیشانانەی هەست پێکرد، ئەوا کەمتر لە کاژێرێک سەردانی نەخۆشخانە بکات بۆ ئەوەی هێڵکاریی دڵی بۆ بکرێت و پزیشکی پسپۆڕی بیبینێت، هۆکاری ئەو بەپەلەییەش ئاشکرادەکات کە جەڵتەی دڵ و ئەستووربوونی ماسوولکەکانی دڵی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش بە درێژخایەنی فەرمانەکانی دڵ لاوازدەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامێری مامۆگراف لە بەشە نوێیەکەی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە مەمک لە سۆران. وێنە: رووداو

لە سۆران بەشی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک کرایەوە

لەنێو نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری بەشی پشکنینی پێشوەختە بۆ نەخۆشییەکان و شێرپەنجەی مەمک کرایەوە و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت، چیدیکە دانیشتووانمان پێویست ناکات بۆ پشکنین، سەردانی هەولێر بکەن.