رووداو- هەولێر
کۆمپانیای سیرۆمی هیندی بۆ دروستکردنی ڤاکسین، زیاتر لە 100 ملیۆن قورچکە ڤاکسینی بەسەرچووی کۆرۆنای لەنێوبرد.
ئادار پۆناواڵا، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سیرۆمی هیندی دەڵێت: "دوای تەواوبوونی ماوەی بەسەرچوونی 100 ملیۆن ڤاکسینی کۆڤیشێڵد کە لەلایەن کۆمپانیاکەمانەوە بەرهەمهێنرابوون، هەموو قورچکەکانی ئەو ڤاکسینەمان لەنێوبرد''.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت: لەگەڵ پێدانی قورچکی بەهێزکەری ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا دەشێت ڤاکسینی کۆرۆناش بەکاربهێندرێت، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەو کولتوورە لە هیندستان نییە و خەڵک ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەرناگرن، سەرئەنجام کۆمپانیاکە لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆڤیشێڵدی کۆرۆنای وەستاندووە.
پۆناواڵا ئاماژە بە تەواوبوونی تاقیکردنەوەی قورچکی بەهێزکەری کۆڤاڤاکس دەکات و پێیوایە لەدوو هەفتەی داهاتوودا مۆڵەت دەدرێت بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەیان.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵی، لە وڵاتی هیندستان زیاتر لە دوو ملیار ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بەکارهاتوون و 70٪ی خەڵکی وڵاتەکە دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ