لە هیندستان تووشبووێکی دیکەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' تۆمارکرا

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی هیندستان رایدەگەیێنێت، تووشبووێکی دیکەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' تۆمارکرا کە پیاوێکی تەمەن 38 ساڵە و دانیشتووی کیرالایە. 
 
وەزارەتەکە ئاماژە بەوەدەکات، تووشبووەکە هەفتەی رابردوو لە وڵاتی ئیمارات گەڕاوەتەوە هیندستان، لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە و کەرەنتینە کراوە. 
 
دکتۆر ڤینا جۆرج، بەڕێوەبەری تەندروستیی کیرالا دەڵێت، ''ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەوە دەگەڕێنەوە دەبێت چاودێرانی تەندروستی لە بوونی هەر نیشانەیەک ئاگادار بکەنەوە و بە زووترین کات داوای چارەسەر بکەن''.
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، ئەمە دووەمین تووشبووی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون'ـە تۆماربکرێت دوای ئەوەی پێشتر تووشبووێک لە نیودەلهی پایتەختی وڵاتەکە تۆمارکرا.