توێژینەوەیەک: رێژەی قەڵەوی لە ئەمریکا لە زیادبوونە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC دەریدەخات، زیاتر لە 40٪ـی پێگەیشتووان لە ئەمریکا قەڵەون و رێژەکەش لە خانمان و پیاوان وەکو یەکە. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، زۆرترین رێژەی قەڵەوی لە کەسانی تەمەن 40 بۆ 50 ساڵە، هەروەها ئەوانەی ئاستی رۆشنبیریان وەکو پێویست نییە و بڕوانامەی خوێندنیان نییە رێژەی قەڵەوی لە نێویاندا زۆرە.
 
د. ساموێل ئێمێریچ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەوانەی پێوانەی باری جەستەیان 'BMI' لە 30 زیاترە بە قەڵەو ئەژماردەکرێن و دەبێت کێشیان دابەزێنن''.
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، زیابوونی رێژەی قەڵەوی راستەوخۆ پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە بە جۆرێک، نزیکەی 45٪ـی دەستنیشانکردنی تووشبووی شێرپەنجە پەیوەستە بە قەڵەوی و کێشی زیادە.
 
بۆ پێشگیریکردن لە قەڵەوی و نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کەمجوڵەیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO پێشنیاز دەکات، هەفتانە لانیکەم 150 خولەک وەرزشی مامناوەند و 75 خولەک وەرزشی تووند ئەنجامبدرێت.