توێژینەوەیەکی ئەمریکی: وردەپلاستیک لەنێو خانەکانی مێشک دا دۆزراوەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

وردەپلاستیکەکان تێکەڵ بە ئەندامەکانی مرۆڤ بوون، توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، بەشێکی زۆریان لەنێو خانەکانی مێشک دا دۆزراونەتەوە، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەش دەڵێت: ''ئێستا مێشک یەکێکە لە بە پلاستیک پیسبووەکان''.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی نیو مەکسیکۆ لە ئەمریکا کرا و دەرکەوت، نموونەی شانەی مێشک 10 ئەوەندە وردەپلاستیکیان زیاتر بووە بەراورد بە وەرگرتنی شانەی گورچیلە یاخود جگەر، ئەمەش دەریدەخات کە مێشک یەکێکە لە ئەندامە پیسبووەکان بەهۆی پلاستیکەوە.
 
ماتیۆ کامپتن، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ''پێویستە خەڵک بەرکەوتنیان بە پلاستیکەکان کەمبکەنەوە، بەتایبەت بەکارهێنانیان لەگەڵ خۆراک''، هەروەها دەشڵێت، خۆراکە ئامادەکراوەکان کەمبکەنەوە.
 
تەنانەت توێژینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، پشکنینیان بۆ مێشکی 12 تووشبووی لەبیرچوونەوە کردووە و دەرکەوتووە؛ 10 ئەوەندە مادەی وردی پلاستیکییان تێدابووە بەراورد بە مێشکێکی ئاسایی. {ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە زۆر بەکارهێنانی پلاستیکەکان ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەکات}.
 
مایکرۆپلاستیکەکان لە ئەنجامی فڕێدانی ملیۆنان تۆن پاشماوەی پلاستیکی نێو ژینگە تێکەڵ بە خاک، ئاو و هەوا دەبن و دەبنە گەردیلەی بچووک کە پێیان دەگوترێت ''وردەپلاستیکەکان'' و دواتریش لە ڕێگەی هەناسە، بەرکەوتن و خواردنەوە تێکەڵ بە مرۆڤ دەبن.
 
بە گوێرەی زانکۆی فودان لە چین، گەردیلە وردەپلاستیکییەکان ئەم مەترسییانەیان لەسەر مرۆڤ هەیە؛
 
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایێن بە پلاستیکەکان.
- سستبوونی گورچیلەکان و ژەهراویبوون.
- لاوازبوونی یادگە و تواناکانی فێربوون.
- تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی.
- تێکچوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورگەسوورە، هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم و دەردە رێوی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە