پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی هیوا: مانگانە 4 بۆ 5 نەخۆش چاندنی مۆخیان بۆ دەکرێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا ئاشکرای دەکات، مانگانە چاندنی مۆخ بۆ چوار بۆ پێنج کەس لە نەخۆشخانەکەیان دەکرێت و دەڵێت: شێرپەنجەی کتوپڕ زیاتر لە منداڵاندا زۆرە.
 
د. نەجمەدین ساڵح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی خوێن لە منداڵ و لە گەورەش بریتین لە 'ئازاری ئێسکەکان، کەمبوونەوەی خەپلەکانی خوێن، خوێنبەربوون، ئاوسانی سپڵ و جگەر، زەردوویی، بێهێزی، هەناسەتەنگی و سەرئێشە'.
 
لەبارەی چاندنی مۆخەوە گوتی، خۆشبەختانە لە مانگێکدا لانیکەم چوار بۆ پێنج چاندنی مۆخ بە سەرکەوتوویی دەکرێن.
 
هەر لەبارەی شێرپەنجەی خوێنەوە؛ د. دانا عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن گوتی، شێرپەنجەی خوێنی کورتخایەن بەربڵاوترە بەراورد بە شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەن، هەروەها گوتیشی، منداڵان بە خێرایی لە شێرپەنجەی خوێن چاکدەبنەوە، بەجۆرێک بۆ گرووپێکی شێرپەنجەکە ئەگەری چاکبوونەوە 80٪ زیاترە.
 
تەنانەت پسپۆڕێکی دیکەی نەخۆشییەکانی خوێن لەبارەی شێرپەنجەوە دەڵێت: ''نیشانەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام بە پشکنینی پێشوەختە دەکرێت دەربکەوێت''.
 
د. ئەیوب محەممەد، پسپۆڕی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن دەشڵێت: ''هەر کەسێک چاندنی مۆخی ئێسکی بۆ دەکرێت لانیکەم پێویستە نزیکەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە''.