جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی: لە ئەمڕۆوە قەدەخەکردنی سەوزەمان راگەیاندووە

رووداو - تەندروستی 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنیت، هەموو ساڵێک سلێمانی ناوچەیەکی گەرمی کۆلێرا بووە و ساڵانە ژمارەی تووشبووان بەرزدەبێتەوە، تەنانەت دەڵێت: ''سەوزەی هیچ شوێنێک پاک نییە و لە ئەمڕۆوە بڕیاری قەدەخەکردنیمان داوە''.
 
ئەمڕۆ شەممە 24ـی ئابی 2024 د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەنێو بوولتەنی کاژێر 14:00 دا بە رووداوی راگەیاند، هێشتا کۆلێرا نەبووەتە پەتای بەربڵاو و لە هەفتەی رابردوودا گومان لەسەر زۆرێک لە تووشبووانی نیشانەکانی کۆلێرا هەبوون و ئێستاش لە بەغداوە چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەکانی گومانلێکراوانن {کە بەشێکیان لەلایەن تەندروستیی سلێمانییەوە تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە پشتڕاستکراوەتەوە}. 
 
دوای ئەوەی ژمارەیەک نەخۆش لە شاری سلێمانی بە گومانی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆلێرا پشکنینیان بۆ کرا، دەرکەوت 8 کەس لەوانە تووشبووی نەخۆشییەکەن؛ د. هێرش سەید سەلیم لەبارەیانەوە دەڵێت: هەموویان خەڵکی سلێمانین و سکچوون و رشانەوەی تووندیان هەیە.
 
د. هێرش سەید سەلیم باسی ئەوەشدەکات، تائێستا دۆخی هیچ کام لە تووشبووەکان مەترسیدار نییە، تەنانەت ئاماژەشی بەوەکرد، بە هەموو شێوەیەک سەوزەیان قەدەکردووە و دەستیشیان بە تێکدانی ئەو شوێنانە کردووە کە سەوزەیان تێدا چێندراوە.
 
لەبارەی قەدەخەکردنی سەوزە دەڵێت: ''هەرکاتێک حاڵەتەکان کەمبوونەوە و چاودێریی تەواوەتیی چێشتخانەکان کرا و دڵنیابووینەوە لێیان، ئینجا بەکارهێنانی سەوزە ئاسایی دەکەینەوە''.