نەخۆشیی کۆلێرا چییە و چۆن خۆمانی لێ بپارێزین؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە و دەبێتە هۆی سکچوون و وشکبوونەوەی تووند، ئەگەر چارەسەرنەکرێت دەتوانێت نەخۆشەکە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بکوژێت. 
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات، ساڵانە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی نەخۆشیی کۆلێرا دەبن، بڵاوبوونەوەی کۆلێرا زیاتر لە وەرزی گەرما و لەو شوێنانەدا روودەدات کە سیستەمی مۆدێرن بۆ ئاوەڕۆ و ئاوی پاکیان نییە.
 
بەپێی ئەم ناوەندە، نەخۆشییەکە لە رێگەی خواردنەوەی ئاو یان خواردنی خۆراکی پیسبوو بە بەکتریای 'ڤایبریۆ کۆلێرا' دەگوازرێتەوە، سەرچاوەی ئەم نەخۆشییە زۆرینەی کات پاشەڕۆی کەسی تووشبووە؛ کاتێک پیسایی کەسیی تووشبوو تێکەڵ بە سەرچاوەی ئاو ببێت، بەکارهێنانی ئەم سەرچاوەی ئاوە بۆ خواردنەوە، چێشت لێنان و شۆردن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاددەکەن.
 
ماوەی نێوان تووشبوون بە بەکتریاکە و ماوەی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە 12 کاژێر تاوەکو پێنج رۆژە، نەخۆشییەکە بە خێرایی دەگوازرێتەوە و ئەو شوێنانەی خاوێن نین رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیانی تێدا بەرزە. 
 
زۆرێک لە کەسانی تووشبوو، نیشانەکانی کۆلێرایان لێ دەرناکەوێت، بەڵام بەکتریاکە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک دەتوانێت لە نێو پاشەڕۆدا بمێنێتەوە، ئەوانەشی کە نیشانەکانیان لێ دەردەکەون بەگشتی نیشانەکانیان سووک یاخود مامناوەندن بەڵام ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێن پەرەدەسێنێت بۆ سستبوون و لەکارکەوتنی گورچیلەکان و  پاشانیش گیانلەدەستدان. 
 
نیشانەکانی نەخۆشیی کۆلێرا ئەمانەن؛ 
- سکچوون
- وشکبوونەوەی تووند
- هەستکردن بە تینووێتی زۆر 
- گرژبوونی ماسولکەکان
- ڕشانەوە
- لاوازی
 
رێگەکانی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە بریتین لە؛ 
- زۆر خواردنەوەی ئاو
- وەرگرتنی ژیناوی تێکەڵ بە دژە بەکتریا بۆ کەمکردنەوەی سکچوون
- بەکارهێنانی زینک بۆ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ
- بەکارهێنانی ژیناوی دەوڵەمەند بە مادە کانزاییەکان
 
رێگەکانی خۆپارێزی لە تووشبوون بەم نەخۆشییە؛  
- دەستشۆردنی بەردەوام بەتایبەت پێش نانخواردن، ئامادەکردنی خۆراک، شیردان بە منداڵ هەروەها دوای چوونە توالێت و هەڵسوکەوت لەگەڵ تووشبوو
- شۆردنەوەی سەوزە و میوە بە خوێ یان مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم
- پاککرندەوەی تانکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵ و دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە
- کوڵاندنی ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانی حەبی کلۆر بۆ ناو سەرچاوەی ئاو
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکی دەرەوە
 
چەند ڤاکسینێک دژی کۆلێرا هەن کە کاریگەرییەکەیان لە کۆنترۆڵکردنی کۆلێرادا سەلمێنراون، بەڵام بۆ هێشتنەوەی بەرگری لە ئاستێکی بەرزدا پێویستە قورچکی بەهێزکەر وەربگیرێن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنە: خانمێک بەدیار شاشەی موبایلەوە

توێژینەوەیەک: زۆر سەیرکردنی شاشە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات

توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا دەریدەخات، ئەوانەی زۆرترین کاتەکانیان بەسەیرکردنی شاشە و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەسەردەبەن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاترە.