سەنتەری گورچیلە لە تەلەعفەر دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا دەکرێتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی تەلەعفەر دەڵێ، لەمەودوا نەخۆشەکان پێویستیان بە سەردانکردن بۆ هەرێمی کوردستان نامێنێت. 
 
تەلەعفەر قەزایەکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 300 هەزار کەسە. شارەکە 70 کیلۆمەتر لە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە و بەشێکی سنوورەکەی ناوچە کوردستانی دەرەوەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، لەوانە زوممار.
 
وەعد ئیدریس، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی تەلەعفەر، رۆژی شەممە، 24-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی گشتیی تەلەعفەر کراوەتەوە". 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی تەلەعفەر دەڵێت، "سەنتەرەکە گرنگ و پێویستە، خزمەتگوزاری و ئاسانکاریی زۆرباش پێشکێش بە دانیشتوانی رۆژئاوای نەینەوا دەکات. لە کۆنترۆڵکردنی تەلەعفەرەوە لە دەست چەکدارانی داعش تاوەکو مانگی چواری ئەم ساڵ نەخۆشەکانی سنوورەکە ناچاربوون بچنە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، موسڵ و بەغدا و پارێزگاکانی باشوور. ئەوەش کات، بارگرانی و تێچووی زۆری دەخستە سەر نەخۆشەکان".
 
سەنتەرەکە 24 کاژێر کراوەیە و نەخۆشی ناوچەکانی کەسکێ تاوەکو قەزای شنگال و بەعاج وەردەگرێ؛ هەر نەخۆشێک هەفتانە 2 بۆ3 جار گورچیلەیان دەشۆرێ، ئەگەر پێویست بکات.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی تەلەعفەر دەڵێ، سەنتەرکە 12 ئامێری شووشتنی گورچیلەی هەیە. پێنج قەرەوێڵە بۆ ژنان و پێنج قەروێڵە بۆ پیاوان تەرخان کراوە، ژوورێکی تایبەتی جیاکارەوە هەیە  کە دوو قەرەوێڵەیە بۆ ئەوانەی تووشی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی B و C بوون و گوتیشی: "تەنیا لە مانگی تەممووزدا 400 گورچیلەیان شووشتوە".