توێژینەوەیەک: زۆر سەیرکردنی شاشە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا دەریدەخات، ئەوانەی زۆرترین کاتەکانیان بەسەیرکردنی شاشە و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەسەردەبەن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاترە. 

لەم توێژینەوەیەدا زیاتر لە چوار هەزار گەنجی پێگەیشتوو بەشداریانکردووە و دەرکەوتووە، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و سەیرکردنی شاشە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ بەڕێژەی 36٪ زیاددەکات.
 
دکتۆر جاسۆن ناگاتا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''زۆر سەیرکردنی شاشە، شێوازی ژیانی تەندروست وەکو کاتی رێکی خەوتن و چالاکیی رۆژانە تێکدەدات ئەمەش کاردەکاتە سەر تەندروستیی کەسەکە''. 
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ئامۆژگاری هاوڵاتییان دەکات، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان سنووردار بکەن و لانیکەم کاژێرێک پێشئەوەی بخەون، موبایل و ئامێرە زیرەکەکان لەخۆیان دووربخەنەوە و دایبخەن.