توێژینەوەیەکی چینی شەش رێگەی پێشگیری لە لەبیرچوونەوە ئاشکرادەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە چین شەش رێگەی کاریگەر بۆ پێشگیری لە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە رادەگەیەنێت؛ دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە رێگەیەکیانە.
 
توێژینەوەکە لە پەیمانگەی تەندروستیی بەساڵاچووان لە چین کرا و دەرکەوت، شەش رێگەی سەرەکی هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و ئەوانەشی ئەو رێگەیانە پەیڕەودەکەن لە بەساڵاچووندا زۆر بە کەمی دووچاری نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەبن.
 
1- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
 
پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن، رۆژانە لانیکەم 30 خولەک جووڵە و وەرزش هەبێت.

 
2- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
 
د. شینگ لی، سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: کێشانی تووتن هۆکارە بۆ پووکانەوە و لاوازبوونی خانەکانی مێشک، بەمەش کەسی جگەرەکێش زووتر تووشی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە دەبێت.

 
3- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول
 
بە گوێرەی پەیمانگەکە، ئەوانەی کحول دەخۆنەوە لە دوای تەمەنی 50 ساڵیدا دووچاری لاوازبوونی یادگە و بیرەوەرییەکانیان دەبن و توانای بڕیاردانیان لاوازدەبێت، بەمەش زووتر تووشی ئەلزەهایمەر دەبن لە تەمەنەکانی دوای 65 ساڵی.

 
4- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
 
لە توێژینەوەکە ئەوانەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان باش بوو و دەوروبەریان قەرەباڵخ بووە، سێ ئەوەندە توانای بیرکردنەوە و ئەزبەرکردنیان زیاتر بووە لەوانەی تەنیا بوون و پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەکان لاوازبووە.

 
5- تاقیکردنەوەی لێهاتوویی نوێ و قۆستنەوەی کاتە بەتاڵەکان
 
توێژەران رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکەن، هەر کاتێکی بەتاڵیان هەبێت ئەوا چالاکییەک ئەنجامبدەن وەکو 'خوێندنەوەی کتێب، گوێگرتن و ژەنینی میوزیک و ئەنجامدانی یارییە هزرییەکان' لانیکەم دووجار لە هەفتەیەک ئەمانە جێبەجێبکرێن.

 
6- رێکخستنی کاتی خەو
 
د. شینگ لی ئاماژە بەوەدەکات، شەوانە حەوت بۆ نۆ کاژێر خەو هەبێت و ژینگەی ژووری نووستنیش گونجاو و لەباربێت بۆ باشترکردنی کوالێتیی خەو، چونکە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ دەروون و مێشک هەیە.

 
جگە لەمانەش چەندین توێژینەوەکە سەلماندوویانە کە خۆراک و خواردنەوەی تەندروست 30٪ بۆ 40٪ رۆڵیان هەیە لە دواخستن و پێشگیریکردن لە تووشبوون بە لەبیرچوونەوە.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێستا 55 ملیۆن تووشبووی جۆرەکانی لەبیرچوونەوە هەن کە 75٪ـیان تووشبووی نەخۆشیی ئەلزەهایمەرن.