لە بەریتانیا دەرمانی کێشدابەزاندن بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی دڵ پەسندکرا

رووداو - تەندروستی 

دەزگای رێکخستنی دەرمان و چاودێریی تەندروستی لە بەریتانیا رایدەگەیەنێت، دەشێت دەرمانی کێشدابەزاندن 'Semaglutide' بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ لە کەسانی قەڵەو بەکاربهێندرێت. 
 
ئەم دەزگایە ئاماژە بەوەدەکات، دەرمانی سیماگلوتاید بۆ کێشدابەزاندن بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەکرێت ئیدی بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەکاربێت. 
 
شیرلی هۆپەر، بەڕێوەبەری دەزگای رێکخستنی دەرمان و چاودێریی تەندروستی لە بەریتانیا دەڵێت، ''دەرمانەکانی کێش دابەزاندن دەتوانن بەشێکی سەرەکی بن لە بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ، بەڵام گرنگە بە شێوەیەکی تەندروست بەکاربهێندرێن''. 
 
بە گوێرەی دەزگاکە، پەسندکردنی دەرمانی کێشدابەزاندن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ دوای ئەوە دێت کە لە نوێترین توێژینەوەیاندا بە بەشداری زیاتر لە 17 هەزار کەس دەرکەوتووە دەرمانی سیماگلوتاید ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ بەڕێژەی 20٪ کەمدەکاتەوە. 
 
بە پێی کۆمەڵەی دڵ لە بەریتانیا، نزیکەی دوو لەسەر سێی گەنجان لە بەریتانیا کێشیان زیادە و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیییەکانی دڵ هەیە.