فەرەنسا پێش دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی 2024 چەند رێکارێكی تەندروستی جێبەجێدەکات

رووداو - تەندروستی 

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی فەرەنسا بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی دێنگێ و نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە چەند رێنماییەک دەردەکەن. 
 
وەزارەتی تەندروستیی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت ملیۆنان کەس بۆ بەشداری کردن لە ئۆڵۆمپیادی پاریس سەردانی فەرەنسا بکەن، بۆ ئەم مەبەستە چەندین رێگەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسە گوازراوەکان گیراونەتەبەر.
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەرەنسا، چەند تیمێکی تەندروستیی گەڕۆک بەردەوام لە شوێنە گشتییەکان دەبن، خەڵک لە رێنماییە تەندروستییەکان هۆشیارتر دەکەنەوە و پشکنین بۆ هەر گومانلێکراوێک دەکەن، هەروەها زیاتر لە 500 تەڵەی مێشوولە لە شوێنە گشتییەکان داندراوە کە لە رێگەی بۆنەوە مێشوولە بۆخۆی رائەكێشی و دەیکوژێت.
 
ئامارەکانی ئەم وەزارەتە دەریدەخەن، تووشبوون بە ڤایرۆسی دێنگێ، زیکا و چیکونگونیا لە چەند ساڵی رابردوو لە فەرەنسا زیادیکردووە و مێشوولە رێگەیەکی سەرەکی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسانەیە.