پزیشکێکی منداڵان: تائێستا نازانین سەرچاوەی 'هەوکردنی پەردەی مێشک' بەکتریایە یان ڤایرۆس

24-04-2023
پەیمان محەممەد
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال بۆ منداڵان لە سلێمانی
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال بۆ منداڵان لە سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشییەک بەناوی 'هەوکردنی پەردەی مێشک' لەنێو بەشێکی منداڵانى هەڵەبجە و سلێمانی بڵاوبووەتەوە و رۆژانە چەندین تووشبوو تۆمار دەکرێن. پزشکێکی منداڵان دەڵێت، "تائێستا نازانین ئەم نەخۆشییە بەرەو کوشندەیی دەڕوات یان نا." ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشییەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچووە، "بەڵام گرنگە خۆپارێزییەکی باش بکرێت."
 
رۆژی دووشەممە 24-04-2023 دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال بۆ منداڵان لە سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی 'هەوکردنی پەردەی مێشک' رایگەیاند، "تائێستا دڵنیا نین سەرچاوەی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسە یان بەکتریا، نازانین بەرەو کوشندەیی دەڕوات یان نا، بۆیە خۆپارێزی گرنگە."
 
ئاوێک لە چواردەوری مێشک هەیە و لەدوای ئاوەکەش چەند پەردەیەک مێشک لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئێسکەکانی سەر دەپارێزێت. زۆرجار لە رێگەی خوێن، گوێچکە، هەوکردنی توورەکە هەواییەکان یان هەندێکجار لە رێگەی درزێکەوە کە لە سەردایە، ڤایرۆس، بەکتریا یان کەڕوو و (پاڕاسایت) دەچێتە نێو پەردەکە و تووشی هەوکردنی دەکات و کۆمەڵێک نیشانەی تێدا دەردەکەوێت.
 
ئەم نەخۆشییە یەکەمجار لە هەڵەبجە دەرکەوت و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر منداڵ گەیێندرانە نەخۆشخانە کە هەندێکیان هێشتا لەژێر چارەسەر و چاودێریدان، ئێستا لە سلێمانیش تۆمار کراوە.
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، نزیکەی مانگ و نیوێک دەبێت ئەم نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە، "بەڵام لەبەر ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک هەواڵەکەمان بڵاونەکردووەتەوە."
 
پزیشکەکە باسی لەوەش کرد، لە سەرەتای لەدایکبوونەوە تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی، ئەگەر هەیە منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک ببێت، بەڵام بەپێی تەمەن هۆکارەکانیش دەگۆڕێت، "بۆ نموونە، لە خوار پێنج ساڵەوە هۆکاری ڤایرۆسی و لە سەرووی پێنج ساڵیشەوە هۆکارەکان زیاتر بەکتریایین."
 
بە گوتەی دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، تووشبوون بە نەخۆشییەکە لەڕووی رەگەزەوە لەنێوان کچان و کوڕان هیچ جیاوازییەکی نییە و هەردوو رەگەزەکە تووش دەبن.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، لە کاتی هەستکردن بە تایەکی بەرز لە منداڵاندا کە سێ بۆ چوار رۆژ بخایێنێت و ئەگەر رشانەوە، تێکچوونی خەو، گەشکە، تێکەڵبوونی خوێن لەگەڵ پیسایی و بێتاقەتبوون بە دەنگەدەنگ و رووناکییان لەگەڵ بێت، دەبێت بە پەلە بگەیێندرێنە نەخۆشخانە بۆئەوەی لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا بن.
 
زۆربەی ئەو نەخۆشانەی بە هیلاکی دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەکەیان، وەکو دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەوانەن کە پێشتر لەلای یەکێک لە نۆرینگەی کۆڵانەکانەوە بیندراون، چارەسەری درەنگ یان دەرمانی خراپیش وایکردووە نەخۆشییەکەی قورستر ببێت."
 
ئەگەر سەرچاوەی هەوکردن بەکتریا بێت، بە گوتەی پزیشکەکە، دەبێت بە زووترین کات بگەیێندرێتە نەخۆشخانە و دەرمانی دژەبەکتریای بۆ بەکاربهێندرێت، "بەڵام ئەگەر دوابخرێت، لەوانەیە منداڵەکە توانای بینین یان بیستنی لەدەستبدات، یان تووشی ئیفلیجیی مێشک و کەم زیرەکی بێت."
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، لە سلێمانی، نەخۆشییەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی پزیشکاندایە و "لە دوێنێوە تائێستا ئەو پشکنینانەی کراون دەریانخستووە شەش بۆ حەوت منداڵ نەخۆشییەکەیان هەیە و گومان لە چەند منداڵێکی دیکەش دەکرێت؛ دڵنیام کەیسەکان زۆر لەوە زیاترن، بەڵام بەشی زۆریان بە سووکی تووشبوون."
 
ئەو منداڵانەی گومان دەکرێت نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکیان هەبێت، پشکنینی ئاوی پشتیان بۆ دەکرێت، پزیشکەکە لەو بارەوە روونکردنەوە دەدات، ئەگەر دۆسیەکە سووک بێت، بە هیچ شێوەیەک پێویست بەوە ناکات پشکنینی ئاوی پشتی بۆ بکرێت.
 
بە گوتەی پزیشکان، نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک بە ئاسانی لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە دەگوازرێتەوە. دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات، "ماچکردن، دەستلێدان، بەکارهێنانی کەرەستەی چێشتخواردن، ئاوخواردنەوە و خاولی، خەوتن لەسەر جێگەی یەکدی، هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشییەکەن کە سەرچاوەی گواستنەوەکەی لە رێگەی قوڕگەوەیە بۆ پەردەی مێشک."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی رێنوێنیی بەکارهێنانی دەمامک و دەستشۆردنی پێش نان خواردن و دوای نان خواردن دەکات و دەڵێت، ئەگەری تووشبوون و گواستنەوەی نەخۆشییەکە زۆر کەم دەکاتەوە و یەکێکە لە رێگەکانی خۆپارێزی.
 
پزیشکان لەبارەی نەخۆشیی 'هەوکردنی پەردەی مێشک' دەڵێن، ئەگەر سەرچاوەی تووشبوونەکە بەکتریا بێت، دۆخەکە قورسترە، بەڵام گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە رێگەی ڤایرۆسەوە چارەسەری ئاسانترە.
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا رایگەیاند، لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی نزیکەی 20 بۆ 30 منداڵ خەوێندراون و لەژێر چارەسەردان و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، "تائێستا لەڕووی دەرمانەوە کێشەی ئەوتۆمان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانە سەرووی 1000 کەس سەردانمان دەکەن، ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەرمان نەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، پەکمان دەکەوێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە