سلێمانی.. منداڵێک لە رێگەی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات

24-04-2023
پێشەوا بەختیار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی تەمەن چوار مانگی سەیدسادق لە رێگەی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی گیانی لەدەستدا؛ پزیشکەکان دەڵێن، وشکبوونەوەی گیانی گەیشتبووە دوایین پلە.
 
پاشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە، 24-04-2023 منداڵێکی تەمەن چوار مانگ گەیێندرایە نەخۆشخانەی شەوکەتی حاجی موشیر لە سەیدسادق، پزیشکەکان دوای چەند رێکارێکی پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانیی دەکەن و لە رێگەدا گیان لەدەستدەدات.
 
یوسف عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەوکەتی حاجی موشیر بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەسوکاری منداڵەکە بە پزیشکەکانیان گوتووە، "دوو رۆژە تووشی سکچوون و رشانەوە بووە و ئێستا بارودۆخی خراپتر بووە و هێناومانە بۆ چارەسەر."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەوکەتی حاجی موشیر، "دوای پشکنین، دەرکەوتووە وشکبوونەوەی گیانی گەیشتووەتە دوایین پلە و نەتواندراوە لە نەخۆشخانەکە هیچی بۆ بکرێت، بۆیە راستەوخۆ رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کراوە، دواتر لە رێگەدا گیانی لەدەستداوە."
 
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو منداڵەن نەخۆشیی "هەوکردنی پەردەی مێشک"ی هەبووە و ئەوە هۆکاری گیانلەدەستدانی بووبێت، یوسف عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەوکەتی حاجی موشیر بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی نەبووە، تەنیا سکچوون و رشانەوەکەی تووند بووە و درەنگ هێندراوەتە نەخۆشخانە. وشکبوونەوەی جەستەی هۆکاری گیانلەدەستدانی بووە."
 
پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگادار کرانەوە کە منداڵێک تووشی سکچوون و رشانەوە بووە و "لە نەخۆشخانەی سەیدسادقەوە دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەکەمان ئێمەش ئادەییمان دەربڕی کە هەرکات بگاتە لامان چارەسەری بۆ بکەین، بەڵام بەداخەوە پێش گەیشتنی بە سلێمانی ئەو منداڵە گیانی لەدەستداوە بە مردوویی گەیشتووەتە لای ئێمە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە