توێژەرانی زانکۆی سیدنی، سێ گۆڕانکاریی شێوازی ژیان بۆ تەمەندرێژی پێشنیازدەکەن

دوو بەساڵاچوو دڵخۆشن. وێنە: Prevention
رووداو - تەندروستی

ئێستا دیڤچوون بۆ بەدەستهێنانی تەمەنێکی درێژ و هەنگاونان بۆ تەمەندرێژی یەکێکە لە مژارە سەرەکییەکانی رۆژەڤ و چەندان ناوەندی پزیشکی کاری جیدی لەسەر ئەمە دەکەن؛ لە ئوسترالیا بە جۆرێکی دیکە لەم بابەتە دەڕواندرێت.
 
توێژەرانی زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا ئاشکرای دەکەن، بەهۆی سێ گۆڕانکارییەوە دەتواندرێت 10% مەترسیی مردنی پێشوەختە کەمببێتەوە کە هۆکارێکی تەمەندرێژبوونە؛ ئەوانیش خەوتن، خۆراکی تەندروست و وەرزشە.
 
ئەم توێژینەوەیە 59 هەزار کەس تێیدا بەشداربوون کە ماوەی هەشت ساڵی خایاندووە و دەرکەوتووە، ئەوانەی 15 خولەک خەوی زیاد و 1.6 خولەک وەرزشی زیادی چڕ لە رۆژێکدا دەکەن و لە هەر ژەمێکی خۆراکدا بەشێکیان دەکەن بە سەوزەکان، ئەگەری مردنی لەناکاویان کەمبووەتەوە.
 
د. نیکۆڵاس کۆمێڵ، نووسەرێکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: مەرج نییە گۆڕانکارییەکی گەورە بە واتای سوودێکی زۆری جەستەیی بێت، بەڵکو هەندێک گۆڕانکاری بەسن بۆ تەمەنێکی درێژ و دوور لە نەخۆشی.
 
بەپێی دامەزراوەی تەمەندرێژی لە بەریتانیا، ئەمانەی خوارەوە هۆکارن بۆ تەمەندرێژی؛
 
- خۆراکی تەندروست
- کەمکردنەوەی خوێ و چەوری
- بایەخدان بە خۆراکە دەریاییەکان
- خواردنی خۆراکە گەڵا سەوزەکان
- چالاکیی جەستەیی
- کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی 
- بایەخدان بە پشکنینی پێشوەختە
- رێکخستنی خەو
- کاریگەریی بۆماوەیی