سرکەی سێو یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات؟


رووداو- دیجیتاڵ

بەشێکی زۆری خەڵکی پێیانوایە ئەگەر سرکەی سێو بۆ خۆراکەکانیان زیادبکەن کێشیان کەمدەکات، بەڵام ئایا ئەمە لە رووی زانستییەوە تەواوە؟ سرکەی سێو دەبێتەهۆی دابەزانی کێش؟


توێژینەوەی زۆر ئەنجامدراون بۆ دەرخستنی پەیوەندی نێوان خواردنی سرکەی سێو و دابەزاندنی کێش، بەڵام زۆربەی ئەو توێژینەوانە لەسەر مشک ئەنجامدراون. 

لە یەکێک توێژینەوەکان کە ئەویش لەسەر مشک ئەنجامدراوە دەریخستووە (ئەسیتیک ئەسید) کە پێکهاتەی سەرەکی سرکەی سێوە رێگە لە کۆبوونەوەی چەورییەکان دەگرێت.

توێژینەوەی دیکەش هەن کە باس لەوەدەکەن سرکەی سێو هەستی تێربوون دەبەخشێت و ئەمەش وادەکات بە درێژایی رۆژەکە زۆرخۆری نەکەین و کالۆری کەمتر وەربگرین، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە توێژینەوەکە بچووکە و داتای کەمی بەردەستە.

لەساڵی 2009دا پزیشکانی ژاپۆن توێژینەوەیەکیان لەسەر 175 کەسی قەڵەو ئەنجامدا، تەمەنیان لەنێوان 25-60 ساڵبوو و هاوکۆڵکەی بارستەی جەستەیان 25 بۆ 30 بوو، بۆماوەی 12 هەفتە بەدواداچوونیان بۆ کرا سەرەنجام پزیشکان بۆیان دەرکەوت ئەوانەی رۆژانە سرکەی سێویان خواردووە کێشی جەستەیان دابەزیووە، ئاستی چەوریی سیانی (triglyceride)یان کەمتربووە.

د. کارۆل جۆنستۆن، پرۆفسیۆرێکی زانستی خۆراکە لە ویلایەتی ئاریزۆنا لە ساڵی 2004ەوە کار لەسەر توێژینەوەیەک دەکات لەبارەی سوودەکانی سرکەی سێو بۆ نەخۆشیی شەکرە، د. کارۆڵ دەڵێت، بۆی دەرکەوتووە سرکەی سێو بۆ تووشبووانی شەکرەی جۆری دووەمی سوودی هەبووە لە کۆنترۆڵکردنی شەکرەکەیان بەڵام بۆ ئەوانەی لە قۆناخی پێش تووشبوون بوون بە نەخۆشیی شەکرە سوودی زیاتربووە.

پرۆفیسۆرەکەی زانستی خۆراک روونیدەکاتەوە، ئەسیتیک ئەسیدی نێو سرکەی سێو رۆڵی هەیە لە رێگەگرتن مژینی نیشاستە لە جەستەدا.