زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا: 90٪ـی هۆکاری گازگرتن لە نینۆک ناڕێکیی دەروونییە

24-02-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

گازگرتن لە نینۆک دۆخێکە بە زانستی پێی دەڵێن ''ئۆنیکۆ فاجیا''، بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا، 90٪ـی هۆکارەکەی بۆ ناڕێکیی دەروونی دەگەڕێتەوە. 
 
توێژینەوەی زانکۆکە ئاشكرای دەکات، گازگرتن لە نینۆک دەکرێت بەهۆی کێشەی سۆزداری و فیسیۆلۆژییەوە بێت یاخود نیشانەیەکی دڵەڕاوکێ و ئۆتیزم بێت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونی دەکاتەوە، گازگرتن لە نینۆک لەنێو منداڵانی ئۆتیزم بەربڵاوە.
 
د. زاگ تێنەر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکە دەڵێت: ژمارەی میکرۆبەکانی ژێر هەر نینۆکێک بەراورد بە میکرۆبەکانی سەر کورسیی توالێت زۆر زیاترە. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، 20٪ تاوەکو 33٪ـی گازگرتن لە نینۆک لەنێو منداڵ و مێرمنداڵانە.
 
بە گوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، گازگرتن لە نینۆکەکان گەشەیان ناڕێکدەکات و زیان بە پێستی پەنجەکان دەگەیێنێت، هەروەها میکرۆبەکانی ژێر هەر نینۆکێک 18 ئەوەندەی میکرۆبەکانی سەر کورسیی توالێت زیاترن.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، 'بێزاری، رزگاربوون لە دڵەڕاوکێ، زاڵبوون بەسەر تووڕەییدا، ئۆتیزم، دوودڵی و بیرکردنەوە' دەکرێت هۆکاری باوبن بۆ گازگرتن لە نینۆک، هاوکات چەند چارەسەرێکیش پێشنیازدەکات وەکو 'بەکارهێنانی بۆیەی نینۆک بە تامی تاڵ، بەکارهێنانی تۆپی گوشاری دەروونی یان تەزبیح، بڕینی نینۆکەکان، بەکارهێنانی دەستکێش و چارەسەرکردنی ئەو هۆکارەی بووەتە هۆی ناڕێکییە دەروونییەکە'.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە