رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەی ئەنفلەوەنزای باڵندە دەدات


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، زیادبوونی تووشبوونی مرۆڤ بە ئەنفلەوەنزای باڵندە "جێگەی نیگەرانییە،" ئەمەش دوای ئەوەی کچێکی 11 ساڵ لە کەمبۆدیا بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستدا. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەمبۆدیا، باوکی کچەکەش تووشی ڤایرۆسەکە بووە، هەربۆیە مەترسیی دەکرێت ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. 
 
سیلڤی برایاند، بەرپرسی یەکەی رووبەڕووبوونەوەی پەتاکان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی هەینی، 24-2-2023، رایگەیاند، ئاژانسەکەیان لەبارەی نەخۆشییەکە لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی کەمبۆدیا لە پەیوەندیدایە و بەدواداچوون بۆ پشکنینی ئەو کەسانە دەکەن کە لە کچەکەوە نزیکن. 
 
برایاند لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ گوتی: "هێشتا زۆر زووە بزانین کە ئایا نەخۆشییەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ گوێزرابێتەوە."
 
زۆربەی کات کە مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەبێت، بەهۆی ئەوەیە کە بەرکەوتنی لەگەڵ باڵندە تووشبووەکاندا هەبووە. 
 
لە کۆتایی 2021ـەوە پەتاکە بووەتە هۆی ئەوەی ملیۆنان باڵندە لەنێوببرێن بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی بۆ مرۆڤ، ئەمە جگە لەوەی کە ژمارەیەکی زۆری دیکەی باڵندەکان بەهۆیەوە مرداربوونەتەوە. لەوەش نیگەرانکەرتر، تاوەکو دێت ڤایرۆسەکە زیاتر لەنێو شیردەرەکاندا دەدۆزرێتەوە.
 
بە ئاماژەکردن بە ناوی زانستیی نەخۆشییەکە، برایاند گوتی: "دۆخی جیهانی H5N1 مایەی نیگەرانییە، چونکە ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری جیهان بە فراوانی بڵاوبووەتەوە و ژمارەی تووشبووان لەنێو شیردەرەکاندا، لەوانەش مرۆڤ، تاوەکو دێت زیاتردەبێت."
 
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتیشی " تەندروستیی جیهانی مەترسیی ئەم ڤایرۆسە بە جیدی وەردەگرێت و داوا لە هەموو وڵاتان دەکات وریایی خۆیان بەرزبکەنەوە." 
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەم مانگە گوتی، مەترسیی ئەنفلەوەنزەی باڵندە بۆ سەر مرۆڤ کەمە. برایاند جەختیکردەوە کە ئەم هەڵسەنگاندنە نەگۆڕاوە.  
 
خانمە بەرپرسەکە گوتی، رێکخراوە تەندروستییەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەڕێی دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکانە بۆ ئەوەی یەکلایی بکاتەوە کە ئایا کەسە نزیکەکانی کچە کەمبۆدیەکەش تووشی نەخۆشیەکە بوون یان نا.
 
تووشبووی کەم، بەڵام مەترسیی گەورەتر
 
برایاند ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزەی باڵندە لەنێو مرۆڤ بە شێوەیەکی "پەرش و بڵاو" بووە، یان پێچەوانەی پەتایەکی وەکو کۆرۆنا، چڕ و پڕ نەبووە. 
 
برایاند گوتی: "بەڵام کاتێک کە گومان دروست دەبێت لەسەر ئەوەی ژمارەیەک کەسی دەوروبەری تووشبووی سەرەکی تووشی نەخۆشیەکە بوون، هەمیشە دەپرسیت چی روویداوە: ئایا بەهۆی ئەوەیە کە تووشبووە سەرەکییەکە نەخۆشیەکەی گواستووەتەوە بۆ مرۆڤەکانی دیکە؟ بۆیە ئێمە زۆر نیگەرانین لە بارەی ئەگەری گواستنەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ."
 
لێکۆڵەرەکان لە هەوڵی ئەوەشدان بزانن کە ئایا کچەکە، باوکی و کەسانی نزیکی بەرکەوتنیان لەگەڵ باڵندەی تووشبوودا هەبووە یان نا، چونکە هەندێ باڵندەی کێوی بە مرداربوویی لە دەریاچەیەکی نزیک گوندە دوورەدەستەکەی کچەکە دۆزراونەتەوە. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەسەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2003ـەوە نزیکەی 870 تووشبووی پەتای ئەنفلوەنزەی باڵندە لە نێو مرۆڤدا تۆمارکراون، لانیکەم 457 کەس لەوانە بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەگە چی بەراورد بە پەتای کۆرۆنا، کە تاوەکو ئەمڕۆ سەرووی 679 ملیۆن تووشبوو و نزیکەی 6 ملیۆن 800 هەزار گیانلەدەستدانی هەبووە، پەتای ئەنفلەوەنزەی باڵندە ئامارەکانی کەمن، بەڵام مەترسییەکەی لەسەر مرۆڤ زیاترە، چونکە رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆیەوە 53٪ـە، یان لە هەر 100 تووشبوو، 53یان دەمرن، ئەمە بە پشتبەستن بە لێکدانەوەی ئامارەکانی تەندروستیی جیهانی.