دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا: نەخۆشخانە تایبەتەکان پابەندی بڕیارە تەندروستییەکان نابن

رووداو - تەندروستی 

نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاریی دکتۆر جەمال ئەحمەد لە سلێمانی راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە کە تیایدا چەند بڕیارێک لەخۆدەگرێت و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: هەر منداڵێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لەدایکبێت مافی وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانە حکومییەکان نابێت.
 
رۆژی سێشەممە 24-1-2023 دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال بۆ منداڵان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: زۆربەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریاکان کێشەیەکی سەرەکیی کەرتیی تەندروستیی جیهانە و لە کوردستان 90٪ـی نەخۆشییەکانی منداڵان ڤایرۆسین، بەڵام بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی دژەبەکتریایان پێدەدرێت.
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا داوا لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەکات، بەو شێوەیە و بە ئاسانی دەرمانە دژە بەکتریاکان بە هاووڵاتییان نەدرێت، هەروەها دەڵێت: پێویستە بەگوێرەی رەچەتە دەرمانە دژەبەکتریاکان بە نەخۆش بدرێن.
 
هەروەها دکتۆر پشدەر مەرجی بەکارهێنانی دژەبەکتریا رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''کاتێک بەگوێرەی پشکنین و شیکارییە پزیشکییەکان دەرکەوت هۆکاری هەوکردن و نەخۆشییەکە بەکتریایە، ئینجا دەبێت دژەبەکتریاکان بەکاربێن هەروەها دەشڵێت: 90٪ـی نەخۆشیی منداڵان ڤایرۆسین و پێویستیان بە دەرمانی دژەبەکتریا نییە.
 
لەبارەی زۆربوونی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، دکتۆر پشدەر رایدەگیێنێت، پێشهاتەکانی منداڵی ناکام لەو کۆرپانەی پێش کاتی خۆیان لەدایکدەبن زیاترە. هەروەها داوایان کردووە هیچ منداڵێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لەدایکنەبێت و لیژنەیەک بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەریی منداڵبوون پێکبهێندرێت.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال دەڵێت: مەبەستی سەرەکییمان لە پێكهێنانی لیژنەی بڕیاردان بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون، کەمکردنەوەی منداڵی ناکام و پاراستنی تەندروستیی نەوەکانی داهاتوومانە.
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا روونیدەکاتەوە، داوایان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە، هەر منداڵێک لە نەخۆشخانەی تایبەت لەدایکببێت ئەوا لە نەخۆشخانەی حکومی وەرناگیرێت، چونکە نەخۆشخانە تایبەتەکان هیچ پێوەر و لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ بڕیاردان لەسەر پێویستی و ناپێویستیی نەشتەرگەریی منداڵبوون نییە. 
 
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی راوێژکاری لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ بڕیاردان لەسەر نەشتەرگەریی منداڵبوون، بەجۆرێک بەبێ بڕیاری لیژنەکە هیچ نەشتەرگەرییەکی منداڵبوون نەکرێت.