پەیوەندی نێوان قەڵەوی خانمی دووگیان و نەزۆکی لە کۆرپە کوڕەکەی ئاشکرادەکرێت

رووداو- دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی پزیشکانی دانیمارکی دەریخستووە قەڵەوی ئەو خانمە دووگیانانەی کە کۆرپەی سکیان کوڕە کاردەکاتە سەر توانای زایەندی کۆرپە کوڕەکەیان.


توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆرهاس لە دانیمارک ئەنجامدراوە و تێیدا کاریگەرییەکانی قەڵەوی لە خانمی دووگیان لەسەر کۆرپەکەیان بە تایبەت کۆرپەی کوڕ ئاشکراکراوە.

د. لین ئاریندت، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون و سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، قەڵەوی لە خانمانی دووگیاندا مەترسیدارە، زۆربەی ئەو خانمانەش دەزانن کە قەڵەوییەکەیان مەترسیی دروستدەکات، ئێمەش بۆمان دەرکەوتووە ئەو خانمە دووگیانانەی قەڵەون و کۆرپەی سکیان کوڕە لەوانەیە بەهۆی قەڵەوییەکەیانەوە کوڕەکەیان لە داهاتوو تووشی نەزۆکی ببێت.

ئەم توێژینەوەیە لەسەر 9232 خانم و پیار لە تەمەنی 31-34 ساڵ ئەنجامدراوە، دوای بەدواداچوونێکی ورد بۆ بەشداربووان پزیشکان بۆیان دەرکەوت کوڕی ئەو خانمانەی قەڵەون مەترسیی نەزۆکیان ٪40 بووە بەبەراورد بەوانەی دایکیان لەماوەی دووگیانی کێشی ئاسایی بووە.

ئەمە یەکەمین توێژینەوەیە کە پەیوەندی لەنێوان قەڵەوی لە دایک و نەزۆکی لە کوڕەکەی بخاتەڕوو، هەرچەندە کە میکانیزمێکی روون بۆ ئەمە نییە بەڵام پزیشکان وای بۆ دەچن گۆڕانی هۆڕمۆنەکان و کاریگەرییەکانی قەڵەوی لەسەر هۆڕمۆنەکان کاربکاتە سەر پەرەسەندنی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە، بەڵام بەدواداچوون و توێژینەوەی زیاتر پێویستن و ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە یەکلاکەرەوە نین و تەنیا ئەگەرن.