بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ: شوێنی چارەسەریی جەڵتەی مێشک بچووکە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ رایدەگەیێنێت، ئێستا تووشبووانی جەڵتەی مێشک چارەسەریان ئاسانە، بەڵام هەندێک لە تووشبووەکانیش تووشی کێشەی درێژخایێن دەبن، تەنانەت دەشڵێت: شوێنی سەنتەری چارەسەریی جەڵتەی مێشک بچووکە.
لە هەرێمی کوردستان خەریکە سەنتەری حکومی تایبەت بە چارەسەری جەڵتەی مێشک دەکرێتەوە و تائێستا یەکەم سەنتەر کە کرابێتەوە ئەوەی سلێمانی بووە لە نەخۆشخانەی شار، ئێستا سەنتەرێکی دیکەی تایبەت بە جەڵتەی مێشک لە زاخۆ کراوەتەوە و پسپۆڕان دەیانەوێت بە زۆرترین خەڵکی بگەیێنن کە هەر کەسێک نیشانەکانی جەڵتەکەی هەبوو، راستەوخۆ ببرێتە ئەو سەنتەرە.
بەڵام ئەم سەنتەرەی زاخۆ لەنێو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆیە و د. هەژار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، کێشەی بچووکیی شوێنیان هەیە و دەیانەوێت ئەو بەشە شوێنێکی گەورەتری بۆ بکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-12-2024 د. هەژار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای کردنەوەی سەنتەرەکە کە شەش مانگە هەیە، 4 تووشبووی جەڵتەی مێشک کە لە قۆناخی هەرە مەترسیدارەکانی جەڵتەکە بوون، چاکبوونەتەوە و لەو سەنتەرە چارەسەریان وەرگرتووە.
هەروەها دەڵێت، لە داهاتوودا پلانی کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییە دەمارییەکان بەتایبەت جەڵتەی مێشک هەیە، بەڵام بە پێویستی دەزانێت کە شوێنێکی گەورە و شایستەی بۆ دابینبکرێت.