رووداو - تەندروستی
لە ئەمریکا ''بۆ یەکەمجار'' خانمێکی 57 ساڵان بە رۆبۆت هەردوو سییەکانی بۆ دەچێندرێت.
شێرڵ مەهکار ئەو خانمەیە کە سییەکانی بۆ دەچێندرێت و نەشتەرگەرییەکەی ئاڵۆزە و تیمێکی فراوان تێیدا بەشدارن.
د. ستافن چانگ، سەرپەرشتیاری گشتیی نەشتەرگەرییەکە دەڵێت: ''یەکەم نەشتەرگەریی چاندنی هەردوو لای سییەکانمان بە رۆبۆت کرد، بەواتای ئەوە دێت کە لە هەردوو لای سییەکان کونی بچووکمان کرد، بە رۆبۆت سییە کۆنەکانمان دەرکرد و دواتر دڵ و هەناسەدانیمان چاودێریکرد و هەر بە رۆبۆت سییە نوێیەکانمان خستە نێو جەستەی''.
بەکارهێنانی رۆبۆت بۆ نەشتەرگەرییەکە وادەکات کەسی وەرگر، زووتر چاکببێتەوە و کەمتر لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە. نەشتەرگەرییەکە پێش مانگێک کراوە و ئێستا شێرڵ زۆر باشە.
شێرڵ مەهکار، ئەو نەخۆشەی بە رۆبۆت سییەکانی بۆ چێندرا دەڵێت: ''هەستێکی سەرنجڕاکێشم هەیە، هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە خۆم بە سییەکانم هەناسەبدەن، من لێرەم چونکە هەردوو لای سییەکانم بە رۆبۆت بۆ چاندراوە کە یەکەمجارە لە جیهاندا، برینێکی کەمی لەسەر جەستەم بەجێهێشتووە و گەورە نییە کە بۆ زۆرینەی کەس وانییە''.
نەشتەرگەرییەکە لە سەنتەری NYU لەنگەن لە نیویۆرک کرا و ساڵانە دوو هەزار نەشتەرگەری بە رۆبۆت تێدادەکرێت، نرخی رۆبۆتی ئەم نەشتەرگەرییەش، نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە.
ئامانجی پزیشکانیش ئەوەیە، رۆبۆت بۆ باشترکردنی کوالێتیی کارەکانیان و کەمکردنەوەی کاریگەریی لاوەکیی بەکاربهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ