وەزارەتی تەندروستی داوای قەدەخەكردنی كیسی نایلۆن دەكات

رووداو – هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات كار بۆ قەدەغەكردنی كیسی نایلۆن بكرێ و لە جیاتی ئەوە كیسی كاغەز لە نانەواخانە و سەموونخانەكان بەكاربهێنرێ‌. لە سلێمانی زۆربەی نانەواخانەكان كیسی كاغەز بەكاردێنن، بەڵام قائیمقامی هەولێر دەڵێت ناتوانن  نانەواخانە و سەموونخانەكان ناچار بكەن كیسی كاغەز بەكاربهێنن.
 
وەزارەتی تەندروستی بە نووسراوی ژمارە 13915 لە 15/10/2019 رێنماییەكی تایبەت بە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی كیسی نایلۆنی لە نانەواخانە و سەموونخانەكان لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی لە ئیدارەكان و قەزا و ناحیەكان دەركردووە.
 
لە رێنماییەكەدا هاتووە كە بۆ بەلاوەنانی كیسی نایلۆن دەبێ "هەماهەنگی بكرێ لەگەڵ پارێزگا، ئیدارەی قەزا و ناحیەكان بۆ پاڵپشتی و هاوكاریكردن بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكە لەڕێگەی راسپاردنی لایەنی پەیوەندیدار و لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتەكان لە شار و شارۆچكەكان".
 
جێبەجێكردنی بڕیارەكە پێویستی بە دابینكردنی كیسی كاغەز وەك شوێنگرەوەی كیسی نایلۆن هەیە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە لە خاڵی دووەمدا هاتووە كە "هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی بازرگانی و پیشەسازی لە سنووری كارگێڕی پارێزگا و ئیدارەكان بكرێ بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێ بۆ زیاتر بەرهەمهێنان و دابینكردنی كیسی كاغەز و خستنە بازاڕی بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی كیسی نایلۆن".
 
بەڵام قائیمقامی هەولێر جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەی وەزارەتی تەندروستی بە زەحمەت دەزانێ‌. 
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "هێشتا نەمانتوانیوە خاوەنكار و دووكاندارەكان ناچار بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە بكەین، ناشتوانین بەسەریاندا بیسەپێنین، بۆ ئەوەی كار نەكاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی نان و سەموون".
 
بەگوتەی قائیمقامی هەولێر، چەند مانگێكە لە بەشێكی نانەواخانە و سەموونخانەكان كیسی كاغەز بەكاردێت، بەڵام بۆ گشتگیركردنی رێنماییەكە بەسەر هەموو شوێنەكاندا، كاتێكی زیاتریان پێویستە.
 
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "هەنگاوی باشمان بڕیوە لەگەڵ وەزارەتەكانی تەندروستی، بازرگانی و پیشەسازی، هەروەها ژووری بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانیش بۆ كارئاسانی و پێدانی مۆڵەت بە كارگەكانی بەرهەمهێنانی كیسی كاغەز. 
 
لەگەڵ چەند خاوەن كارگەیەكیش لە گفتوگۆداین، چونكە ئێستا بەهۆی كەمیی كیسی كاغەز لە بازاڕەكان و زۆریی نرخەكەی نەمانتوانیوە بیكەین بە بڕیارێكی ناچاری و نەمانسەپاندووە".
 
لە پارێزگای دهۆكیش نزیكەی مانگێكە كار بۆ ئەوە دەكرێ‌ كیسی كاغەز لە جیاتی نایلۆن بەكاربهێنرێ‌. یوسف محەممەد، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە پارێزگای دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە زۆر هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی رێنماییەكە جێبەجێ بكەین، بەڵام بەهۆی كەمیی كیسی كاغەز و زۆریی نرخەكەی كە بەبەراورد بە كیسی نایلۆن زۆر گرانترە، تا ئێستا نەمانتوانیوە بەتەواوی جێبەجێی بكەین".
 
یوسف محەممەد دەڵێت، لەگەڵ سەرمایەداران قسەیان كردووە بۆ دامەزراندنی كارگەی كیسی كاغەز، لەگەڵ چەند بازرگانێكیش قسەیان كردووە كیسی كاغەز هاوردە بكەن تاوەكو بە نرخێكی گونجاو دابینی بكەن، چونكە ئێستا كیلۆی كیسی كاغەز كە تەنیا 50 دانە دەكات، لە بازاڕ بە 3 هەزار دینارە، ئەم نرخەش زۆرە و كار دەكاتە سەر نرخی كاڵا و نان و سەموون، خاوەن كارەكانیش هیچ قازانجێكیان بۆ نامێنێتەوە".
 
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە دهۆك پێشنیارێك بۆ وەزارەتی دارایی دەكات و دەڵێ: "بەهۆی كەمیی كیسی كاغەز لە بازاڕی دهۆك، تا ئێستا توانیومانە تەنیا 9%ی رێنماییەكە جێبەجێ بكەین، بۆیە پێشنیاز دەكەین، ئەو بازرگانانەی كیسی كاغەز هاوردە دەكەن، ئاسانكارییان بۆ بكرێت و ماوەی چەند مانگێك لە وەرگرتنی گومرگ ببەخشرێن، بۆ ئەوەی كیسی كاغەز لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زۆر بێت و بە نرخێكی هەرزان بگاتە دەستی خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەكان.
 
قەدەغەكردنی كیسی نایلۆن لە نانەواخانە و سەموونخانەكان یەكەمجار لە سلێمانی جێبەكێ كرا، بەڵام هێشتا 100% جێبەجێ نەكراوە. گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لە سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "بڕیارەكە لە نانەواخانە و سەموونخانەكان و بەشێك لە فاستفوودەكان دەستپێكراوە، ئێستا نزیكەی 75%ی ئەو شوێنانەمان پابەند كردووە. لە هەنگاوی دووەمیشدا دەمانەوێت كار لەسەر پابەندكردنی هەندێك شوێنی دیكە بكەین، بۆ ئەوەی كیسی كاغەز وەك جێگرەوەی كیسی نایلۆن بەكاربێنن".