رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی پێنسیلڤانیا لە ئەمریکا دەریدەخات، گۆڕانی کەشوهەوا تاوەکو ناوەڕاستی سەدەی 21 گیانلەدەستدان لە ئەمریکا بەهۆی گەرما سێ ئەوەندە دەکات.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکی جیدی و نزیکە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تاوەکو ئاستی ریکۆرد شکێن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان وەکو مەلاریا، تای خوێنبەربوون و چەند نەخۆشییەکی دیکەش.
دکتۆر سەمید خاتانا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''گەرمی زیاتر کار لە خەڵکی هەژار و بێماڵ دەکات، گیانلەدەستدان لەنێو ئەم چینە بەرزدەکاتەوە''.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرما، وەکو گەرمابردن یەکێکە لەو کێشە تەندروستییانەی رووبەڕووی خەڵک دەبێتەوە، کاتێک روودەدات کە جەستە چی دیکە نەتوانێت پلەی گەرمی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەو کاتە پلەی گەرما خێرا بەرز دەبێتەوە، میکانیزمی ئارەقکردنەوە شکست دەهێنێت و جەستە فێنک نابێتەوە. کاتێک گەرمابردن روودەدات دەکرێت پلەی گەرما لەماوەی 10 بۆ 15 خولەکدا بگاتە 41 پلەی سیلیزی.
بەگوێرەی ناوەندەکە، دیارترین نیشانەکانی گەرمابردن بریتین لە شڵەژان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە و وشکبوونەوەی پێست، بەکارهێنانی ئاوی سارد لە باشترین رێگەکانی چارەسەرکردنی گەرمابردنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ