زانکۆی ئۆساکا لە ژاپۆن: نەخۆشیی شەکرە تەندروستیی پووک تێکدەدات

23-09-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆساکا لە ژاپۆن دەریدەخات، تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە ئەگەری تووشبوونیان بە هەوکردنی پووک زیاترە.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، نەخۆشیی شەکرە هۆکارێکی تووشبوونە بە کێشەکانی پووک و سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی دەوری ددان ئاسان دەکات، پێشگیریکردن لە تووشبوون بە شەکرە و بەزوویی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە لە کاتی تووشبوون ئەم مەترسییانە کەمدەکەنەوە.
 
دکتۆر ماسای کوبۆنیوا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت. "چاودێری کردنی تەندروستیی پووک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە پێشگیری لە تووشبوون بە هەوکردنی پووک و کێشەکانی دەم و ددان دەکات''. 
 
بە پێی مایۆکلینیک، هەوکردنی پووک زیان بە شانەکانی دەوری ددانەکان دەگەیێنێت، بەبێ چارەسەرکردن هەوکردنی پووک دەتوانێت ئەو ئێسکە لەناو ببات کە پشتگیری ددانەکان دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی لەقبوونی ددانەکان و دواتریش لەدەستدانیان. 
 
دەشێت بەم رێگەیانە خۆت لە تووشبوون بە هەوکردنی ددان بپارێزیت؛ 
 
- کەمخواردنی شیرینییەکان و خۆراکە خێراکان.
- شۆردنی ددانەکان؛ دووجار لە رۆژێکدا.
- بەکارهێنانی پەتی تایبەت بە ددان بۆ خاوێنکردنەوەیان.
- خواردنەوەی ئاو دوای خواردنی شیرینییەکان، ئەگەر نەتواندرا ددان بشۆردرێت.
- بەکارهێنانی هەویری ددانی دەوڵەمەند بە فلۆراید.
- کەمخواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە