میسر 'رێوشوێنی تەندروستیی تووند' بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە لە ئیسرائیلەوە دەڕۆن بۆ میسر

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستی و دانیشتووان لە میسر رایدەگەیەنێت، پشکنین بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە لە ئیسرائیلەوە روو لە میسر دەکەن.
 
راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی و دانیشتووان لە میسر دەریدەخات، بە مەبەستی پێشگیری کردن لە بڵاوبوونەوەی تای رۆژئاوای نیل، وەزارەتەکە چەند رێکارێکی خۆپارێزی جیبەجێدەکات کە بریتیین لە پشکنینی هاووڵاتییان لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان و جیاکردنەوەی هەموو ئەو کاڵایانەی لە ئیسرائیلەوە دەگوازرێنەوە بۆ میسر. 
 
وەزارەتی تەندروستی و دانیشتووان ئاماژە بەوەدەکات، هەر گومانلێکراوێكی تووشبووی ئەو ڤایرۆسە دەنێردرێتە نەخۆشخانەی تایبەت بۆ پشکنینی زیاتر و کەرەنتینە دەکرێت.
 
بە گوێرەی وەزارەتەکە گرتنەبەری ئەم رێکارانە دوای ئەوەدێت کە وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند ڤایرۆسەکە لە ئیسرائیل بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس.
 
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر چۆنیەتیی گواستنەوە و خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە کلیک لێرە بکە.