ناوەندی مێریلاندی ئەمریکی: پێکەنین ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی ناوەندی مێریلاند لە ئەمریکا لەبارەی پێکەنینەوە ئاشکرای دەکات، یارمەتیی پاراستنی دڵ و لوولەکانی خوێن دەدات، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە کەمدەکاتەوە.
 
توێژینەوەکە دەریدەخات، لەکاتی پێکەنیندا ئۆکسیدی نیتریک دەردەدرێت کە مادەیەکی کیمیاییە و رێگری لە کەڵەکەبوونی چەوریی نێو لوولەکانی خوێن دەکات.
 
توێژەران رۆژانە ماوەی 30 خولەک خۆبەخشەکانیان بەدیار فیلمێکی کۆمیدییەوە دادەنیشاند، تاوەکو کاریگەریی پێکەنینەکە لەسەر جەستەیان بزانن و بۆیان دەرکەوت، ئەوانەی زۆر پێکەنیون پێداڕۆیشتنی خوێن بەنێو خوێنبەرەکانیان چالاکتر بووە.
 
د. رۆبێرت بۆناکدار، پسپۆڕی کەمکردنەوەی ئازار لە ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی دەڵێت: پێکەنین یارمەتیی کەمکردنەوەی ئازار دەدات و ''ئازارشکێنێکی سرووشتییە''.
 
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، پێکەنین یارمەتیی ئەمانە خوارەوە دەدات؛
 
- کەمکردنەوەی ئازار
- باشترکردنی تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن
- بەهێزکردنی بەرگریی جەستە
- کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ
- باشترکردنی توانای فێربوون و یادگە
- باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
- کەمکردنەوەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ