قایمقامیەتی سلێمانی مەرجەکانی گواستنەوە و هەڵگرتنی ئاوی نێو بتڵ و پەرداخە پلاستیکییەکان تووندتردەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لیژنەیەکی تایبەت لە قایمقامیەتی سلێمانی چاودێریی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەڵگرتنی ئاوی نێو بتڵە پلاستییکییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، ''رێگەنادرێت ئاوی نێو بتڵ و پەرداخە پلاستیکییەکان لەبەر خۆر هەڵبگیرێن و بگوازرێنەوە''.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی تەممووزی 2024 فارووق ساڵح، لێپرسراوی چاودێریی تەندروستی لە خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هاوینان کێشەی خراپ هەڵگرتن و دانانی بەرهەمە هەستیارەکان بە گەرما هەیە و زۆرینەی ئەو دووکانانەش خاوەنەکانیان هۆشیار نین لە مەترسییەکەی.
 
فارووق ساڵح، لێپرسراوی چاودێریی تەندروستی لە خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: ''بتڵ و پەرداخی پلاستیکی ئاو نابێت لەپلەی گەرمیی سەروو 25 پلەی سیلیزییەوە دابنرێن، چونکە پلاستیکەکە مادەی ژەهراوی لێدروستدەبێت و لەگەڵ ئاوەکە کارلێکدەکات''.
 
تەنانەت فارووق ساڵح ئاماژە بەوەشدەکات، لەکاتی گواستنەوەی ئاو، پێویستە سەری داپۆشراو بێت؛ بەبێ گوێدانە ماوەی دووریی هاتووچۆکە.
 
هەر ئەمڕۆ ئازاد نەبی، ئەندامی باڵای لیژنەی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی گوت، هاونیشتمانییان خۆیان لە هەموو خۆراک و خواردنەوەیەکی بەر خۆر بپارێزن، چونکە سەرچاوەن بۆ ژەهراویبوون و چەندان کاریگەریی مەترسیدار لەسەر جەستە دروستدەکەن، {پسپۆڕێک زیانەکانی باسدەکات}.
 
قایمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، بۆ بینینی هەر سەرپێچییەک پەیوەندی بە لیژنەکانی قایمقامیەتەوە بکەن، تاوەکو زۆرترین شوێنە نایاساییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە